بەڕێوەبەری ئاوی کەلار: پشتبەستنمان بە ئاوی ژێرزەوی 75٪ کەمکردووەتەوە

26-08-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن کەلار ئاو رۆژئاوای کوردستان [
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری ئاوی کەلار رایدەگەیێنێت، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کەلار تاکە شارە گرفتی کەمئاوی نییە و هەموو رۆژێک 85 هەزار مەترسێجا ئاو بەسەر دانیشتووانی شارەکەدا دابەشدەکەن. دەشڵێت نزیکەی 95٪ـی هاوبەشان پێوەری ئاویان بەستووە.
 
سامان رەحیم، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کەلار بە رادیۆی رووداوی گوت، ئێستا لە شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، رۆژانە بە بەردەوامی ئاو بەسەر دانیشتوواندا دابەشدەکەن، ''بۆ دابینکردنی ئاو، بە پلەی یەکەم پشت بە ئاوی رووباری سیروان دەبەستین کە 75٪ـی ئاوی شارەکە لە رێگەی پرۆژەی پاڵاوگەی یەک و دووی ئاوی کەلار و 25٪ـی لەڕێگەی ئاوی ژێر زەوییە.
 
بەڕێوەبەری ئاوی کەلار ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ پشتبەستنی تەواوەتی بە ئاوی رووباری سیروان و دەستهەڵگرتن لە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، "پێویستمان بە فراوانکردنی پاڵاوگەی یەکی ئاوی کەلارە، کە لە ساڵی 2009ـوە دەرخستەکەی ئامادەیە، ساڵی رابردووش تیمێکی ئەنجوومەنی وەزیران سەردانیان کردین بۆ پشکنینی پاڵاوگەکە."
 
لە شاری کەلار، دوو پاڵاوگەی ئاو لەسەر رووباری سیروان هەن: پاڵاوگەی یەکەم، لە ساڵی 2005 بەردی بناخەی دانراوە و لە ساڵی 2009 کەوتووەتە کار، توانای بەرهەمهێنانی 2100 مەترسێجا ئاوی هەیە لە کاژێرێکدا. پاڵاوگەی دووەم، توانای بەرهەمهێنانی 800 مەترسێجا ئاوی هەیە لە کاژێرێکدا و لە ساڵی 1978 بەردی بناخەی دانراوە و لە ساڵی 1982 کەوتووەتە کار.
 
سامان رەحیم دەشڵێت، ئێستا پاڵاوگەی یەک، توانای بەرهەمهێنانی 2100 مەترسێجا ئاوی هەیە، ئەگەر فراوان بکرێت تواناکەی دەبێتە 4200 مەترسێجا لە کاژێرێکدا، "ئەوکاتە پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی دەبێتە سفر و تەواو پشت بە ئاوی سەرزەوی دەبەستین، فراوانکردنی پاڵاوگەی یەکەم لە پلانی 2022ـی وەزارەتی شارەوانی تۆمارکراوە بۆ ئەوەی بودجەی بۆ تەرخانبکرێت و بۆ فراوانکردنیشی پێویستی بە 12 ملیۆن دۆلارە."
 
دەشڵێت، پاڵاوگەی دووی کەلار کە 800 مەترسێجا ئاو لە کاژێرێک بەرهەمدێنێت، بەهۆی کۆنییەوە لە ساڵی 2009 داخرا و، لە ساڵی 2021 لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو چاککاری بۆ کرا و لە ساڵی 2022ـوەوە کار دەکات، بەڵام تەنیا ئاو بۆ چەند گەڕەکێکی نزیکی دابین دەکات.
 
لە کەلار پشتبەستن بە ئاوی ژێر زەوی کەمترە لەچاو شوێنەکانی دیکە. سامان رەحیم دەڵێت، 96 بیری ئیرتیوازیمان هەن، ئێستا 63 بیریان کاریان پێدەکرێت و 33 بیریان تەنیا ئەو کاتانە بەکاردەخرێن کە پێویستن، 21 بیریان کارەبای بەردەوامیان هەیە و ئەوانی دیکەش مووەلیدەیان هەیە.
 
ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە زۆرینەی ناوچەکان دابەزیوە، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار دەڵێت، لەناو کەلاردا هەندێک شوێن ئاستی ئاوی ژێر زەویی نزیکەی 5 مەتر دابەزیوە.
 
دەشڵێت، ئێستا رۆژانە 85 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاک بەسەر 30 هەزار هاوبەشدا دابەش دەکرێت، ئەو بڕە ئاوەی دابەشی دەکەین 100 لیتر زیاترە لەئاستی ستانداردی نێودەوڵەتی بۆ هەر تاکێک، هۆکارەکەشی ئەوەیە تۆڕی ئاوی پێنج گەڕەک زۆر کۆنن و ئاوێکی زۆر بە فیڕۆدەچێت و پێویستی بە نۆژەنکردنەوەیە.
 
رۆژی 1ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند "لە یەک ملیۆن و 30 هەزار و 408 هاوبەشی ئاو، 850 هەزار و 330 هاوبەش پێوەری ئاویان بەستووە و، بەگشتی تائێستاش بەستنی پێوەر گەیشتووەتە 82٪."
 
بەڕێوەبەری ئاوی کەلار دەڵێت، لە کۆی نزیکەی 30 هەزار هاوبەشی ئاو، نزیکەی 95٪ـیان پێوەری ئاویان بەستووە، واتا نزیکەی 1600 هاوبەش تائێستا پێوەریان نەبەستووە. 
 
لەبارەی قەرزی سەر هاوبەشانی ئاو، گوتیشی، "نزیکەی 12 ملیار دینارمان لای هاوبەشانی ئاوە."
 
بەشێک لەو پرۆژانەی نیشتەجێبوون کە لە سنووری کەلار دروستکراون، دەکەونە بەشی باکووری شارەکە و گرفتی ئاویان هەیە، لەوانە (بان سیتی، بەهەشتی کەلار، فەرمانبەران، گەرمیان سیتی، لانە سیتی)، چەند جارێک لە رێگەی رادیۆی رووداوە باسی گرفتی ئاوی گەڕەکەکەیان کردووە.
 
سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار دەڵێت، "ئەو گەڕەکانەی دەکەونە زۆنی بەردەسوور لە باکووری کەلارەوە، لە رووی جیۆلۆجییەوە ئاستی ئاوی ژێر زەوی لەئاستی پێویست نییە و گرفتیان هەیە. ئەو کۆمپانیایانە لە ساڵی 2017 کە مۆڵەتیان وەرگرتووە، دابینکردنی ئاو لەسەر کۆمانیاکە کراوەتە مەرج و ئەویش پارەکەی لەسەر دانیشتوانەکەی هەژمار کردووە."
 
گوتیشی، "ئێمە پێشتر پێمان گوتوون ناتوانین ئاویان بۆ دابین بکەین، پێشنیازمان کردووە پاڵاوگە دروستبکەن، یان پاڵاوگەی کەلار فراون بکەن بۆ ئەوەی ئێمە ئاویان پێبدەین، یان دەتوانن پاڵاوگەی کۆمپاکت یونت دابنێن، بەڵام تائێستا کێشەکەیان چارەسەر نەکردووە."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.