رووداو دیجیتاڵ
شەوی پێنجشەممە، 25-8-2022 بۆ یەکەمجار لەسەر قەڵای هەولێر لەلایەن ماڵی میوزیکیی زەهاوی کۆنسێرتێکی ئۆپێرا بۆ پەروین چاکار، هونەرمەندی باکووری کوردستان سازکرا، تێیدا چەندین گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی پێشکێشکران و لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
پەروین چاکار ماوەی 11 ساڵە لە ئیتاڵیا ئۆپێرای بەشێوەی ئاکادیمی خوێندووە و ئێستا دانیشتووی ئەڵمانیایە.
جگە لە زمانی کوردی، ئۆپێرا بە زمانەکانی ئیتاڵی، فەرەنسی، ئەڵمانی و تورکی پێشکێشکرا. هونەرمەند چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆر و حەیرانی بەشێوازی ئۆپێرا گوتەوە.
هەژار زەهاوی، بەڕێوەبەری ماڵی میوزیکیی زەهاوی بە هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "بۆ یەکەمجارە لە هەولێر و باشووری کوردستان کۆنسێرتی ئۆپێرا سازدەکرێت."
شێرکۆ محەممەد، میوزیکژەنە و بە رووداوی گوت، "ئەم کۆنسێرتە نیشانی داین کە میوزیکی کوردی چەندە دەوڵەمەندە و چەند هونەرمەندی کورد دەتوانن کار بکەن بۆ ئەوەی زمانی کوردی ببێتە زمانێکی جیهانی."