رووداو دیجیتاڵ
رێگەی شنۆ بۆ ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، رێگەیەکی خراپ و پڕ چاڵوچۆڵە. هاتووچۆی دەیان گوندی شنۆ و ناوچەی مەرگەوەڕ بەو رێگەیەدایە و لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا، گەشتیارێکی زۆر دێنە ئەو ناوچەیە.
فەرزاد قوبادی، دانیشتوویەکی مەرگەوەڕە و دەڵێت، "چاڵوچۆڵییەکانی رێگەکە زۆرە و خەڵک ناڕازین. ئەمساڵ من خۆم رووداوێکی هاتووچۆم لەسەر رێگەکە بینی کە برینداری زۆری لێکەوتەوە."
زیاتر لە پێنج ساڵە بەڵێنی چاککردنی ئەو رێگایە بە دانیشتووانی ناوچەکە دەدرێت، بەڵام جێبەجێکردنی ساڵ بە ساڵ دوادەخرێت. دوایین جار بڕیاربوو تاوەکو پاییزی رابردوو کاری پانکردن و قیرتاوکردنەوەی کۆتایی بێت و تابلۆی تازەی بۆ دابنرێت، بەڵام هیچکامیان نەکراون.
نێوان شارەکانی ورمێ و شنۆ بە ناوچەی مەرگەوەڕ و دەشتەبێڵدا، ناوچەیەکی کوێستانییە و بەهۆی سرووشتی جوانی، شوێنێکی سەرنج راکێشی گەشتیارییە، بەڵام زۆربوونی روودانی رووداوی هاتووچۆ بۆ گەشتیاران بەهۆی خراپی رێگەکە، بەشێک لەوانی لە چوونە ئەو ناوچەیە پەشیمان کردووەتەوە.
قایمقامی شنۆ 40 رۆژ پێش ئێستا رایگەیاند، لە سەردانی پارێزگاری ورمێ بۆ ئەو شارە 21 ملیار و 700 ملیۆن تمەن بودجە بۆ چاککردنی رێگەی گوندەکانی ئەو شارە تەرخانکراوە. ئەو بەڵێنی داوە ئەگەر بودجەکە دابین بکرێت، کۆتایی ئەمساڵی هەتاوی قیرتاوکردنی رێگەکە تەواوبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ