پارتی لە بازنەی دووی هەولێر بانگەشەی دەستپێکرد و بەربژێرەکانی ناساند
رووداو دیجیتاڵ
بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە؛ ئەمجارە چوار بەربژێری سنوووری لقی 16ـی حیزبەکە ناسێندران، کە دوو لەوانە لە سنووری بازنەی دووی پارێزگەی هەولێر بەربژێرن.
لە پلانی پارتیدایە هەردوو بەربژێرەکەی سەربکەون.
بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی 16ـی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی گوت، "هێندەی دەنگ و قەبارەی پارتی بەربژێرمان داناوە، بۆیە دڵنیاین لە سەرکەوتنی بەربژێرەکانمان، بەڵام لەبەرئەوەی میکانیزمی ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە، کارێکی زۆر و وردی دەوێ، دەبێ دەنگدەر بزانێ بەربژێری خۆی کێیە و یەک هەڵبژاردەی هەیە."
پارتی دوو بەربژێرەکەی بازنەی دووی دابەشی سەر ناوچەکان کردوون، بۆ ئەوەی کەمترین دەنگی بفەوتێت.
خدر مەنتک، بەربژێری پارتییە، دەڵێت، "تەمەنی 75 ساڵەی پڕ لە سەروەرییەکانی پارتی ئەوەی سەلماندووە کە چۆن لە رابردوو پارتی پێشەنگ و سەرکەوتوو بووە، دڵنیاشم ئەمجارەش هەر بە پارتی پێشەنگ و ژمارە یەکی کوردستان دەمێنێتەوە."
بازنەی دووی پارێزگەی هەولێر سنووری هەر سێ قەزای کۆیە، دەشتی هەولێر و خەبات دەگرێتەوە، کۆی ژمارەی دەنگدەرانی ناوچەکە 265 هەزار و 824 کەسن، پارتی پێشبینی دەکات لەو ناوچانە زیاتر لە 70 هەزار دەنگ بەدەستبێنێت.
جگە لە پارتی، هیچ لایەنێکی دیکە بە فەرمی دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردن نەکردووە، بەتایبەتی هاوپەیمانیی کوردستانی کە لە یەکێتی و گۆڕان پێکهاتووە، چونکە لە بازنەی دووی پارێزگەی هەولێر بە رکابەری سەرەکیی پارتی دادەندرێن.
سنووری پارێزگەی هەولێر چوار بازنە و 15 کورسی هەڵبژاردنە، لە بازنەی 2، حەوت بەربژێر کێبڕکێی بەدەستهێنانی چوار کورسی دەکەن، پارتی دوو بەربژێر، هاوپەیمانیی کوردستانی دوو بەربژێر، یەکێک یەکێتی و یەکێک گۆڕان، هەریەک لە نەوەی نوێ، سۆسیالیست و لیستی قادیموون بەربژێرێکیان هەیە.
بڕیارە هاوپەیمانیی کوردستانی سەرەتای مانگی ئەیلوول بە فەرمی دەست بە بانگەشە بکات.
دکتۆر عەبدولسەلام محەممەد، بەربژێری گۆڕان لە هاوپەیمانیی کوردستانی بە رووداوی گوت، "وەکو تاکەکەس زیاتر لە دوو هەفتەیە ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند دەستمان پێکردووە، بەڵام وەک هاوپەیمانی بڕیارە سەرەتای مانگی ئەیلوول بە گەرموگوڕییەوە دەست بە بانگەشە بکەین."
لەگەڵ هەوڵی چەند لایەنێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق، تاوەکو ئێستا بە فەرمی بڕیارە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردنەکە بەڕێوەبچێت.