وەزیری كارەبای هەرێمی کوردستان: ئێستا 500 مێگاوات کارەبا دەفرۆشین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەو بەڵێنەیان بردووەتەسەر كە بۆ باشبوونی كارەبا بە هاونیشتمانیان دابوو، بۆ وەرزی زستانیش پلانیان هەیە كارەبایەكی باش دابین بكەن و دەشڵێت مانگێكە 500مێگاوات كارەبا بە عێراق دەفرۆشن، لەو یەكانەی پێشتر هیچ سوودمان لێوەرنەدەگرتن".
كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبای هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند لە چلەی هاوینی ئەمساڵدا لە شەو و رۆژێکدا زیاتر لە 20 کاژێر کارەبای نیشتمانییان دابینکردووە.
وەزیری کارەبا گوتیشی: "بۆ زستانیش پلانێكی باشمان هەیە زۆرترین كارەبا دابین بكەین، گرفتی ئێمە لە زستاندا هیتەرە، ئێستا لەگەڵ هەردوو وەزارەتی پلاندانان و بازرگانی سەرقاڵی ئەوەین رێگری بکەین لەوەی هەموو جۆرە هیتەرێك هاوردەی بازاڕەكانی كوردستان بکرێت، بەتایبەت ئەوانەی کارەبایەکی زۆریان دەوێت. بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت كە نەهێڵین هیتەر هاوردە بکرێت، با هاوردە بکرێت، بەڵام كواڵێتیی باش بێت".
هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی کارەبا قۆناخێکی باشی بڕیوە. وەزیری کارەبا دەڵێت: "هەرێمی کوردستان 28-7-2020ەوە زیاتر لە 500 مێگاوات كارەبا بە عێراق دەفرۆشرێت. ئەو كارەبایەش لەو وێستگانەوە بەرهەمدێت كە پێشتر خۆمان سوودمان لێنەدەبینین، ئێستا عێراق خۆی سووتەمەنیان بۆ دابین دەكات و كاریان پێدەكات، بەوەش كۆمپانیای وەبەرهێنی بواری كارەبای خۆمان سوود لێوەدەگرێت و پارەیەكی زۆریش لەو رێگایەوە دێتە هەرێمی كوردستانەوە".
لەم وەرزەدا بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 3600 مێگاواتە و خواستیش لەسەر کارەبا 4250 مێگاواتە.
لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج) ی تۆڕی میدیایی رووداو كە لە 16-1-2020 پێشكەشكرا، كەمال محەممەد ساڵح، وەزیری كارەبا رایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە لەم كابینەیە 90%ـی كێشەی كارەبا چارەسەر دەكەین".