جێگره‌كان چاوەڕوانی نێچیرڤان بارزانی دەکەن

رووداو – سلێمانی

تاوەکو ئێستا جێگره‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ پۆسته‌كانیان ده‌ستبه‌كارنه‌بوون. مستەفا سەید قادر دەڵێت: چاوەڕوانی گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانین.


مسته‌فا سه‌ید قادر، بەربژێری گۆڕان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان به‌ تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاند: چاوەڕێ ده‌كه‌ین نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان بگه‌ڕێته‌وه‌ و مه‌رسومێك ده‌ربكات، دوای ته‌واوبوونی رێكاره‌ یاساییه‌كان به‌فه‌رمی له‌ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كارده‌بین.

به‌ربژێره‌كه‌ی گۆڕان گوتیشی، هه‌ردوو جێگره‌كه‌ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوەکو گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان له‌ پۆسته‌كانیان ده‌ستبه‌كارنابن.

له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2018 ی هه‌رێمی كوردستان، بەپێی رێکكه‌وتنی نێوان پارتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پشكی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی کوردستان درایه‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆران و ئه‌و حیزبه‌ش مسته‌فا سه‌ید قادری بۆ ئه‌و پۆسته‌ به‌ربژێركرد.  

هەروەها بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ جێگری سەرۆکی هەرێم، شێخ جەعفەر شێخ مستەفایە، کە ئێستا بەرپرسی هێزەکانی حەفتایە.