كوشتنى منداڵه هه‌شت ساڵانه‌كه‌ی هەولێر له زارى بكوژهكانییهوه
رووداو - هه‌ولێر
مردنی ئه‌حمه‌د به‌لای خێزانه‌كه‌یه‌وه به راده‌یه‌ك سه‌خته، ته‌نانه‌ت هێشتا پرسه‌شیان بۆ دانه‌ناوه، تاكه دڵنه‌واییه‌ك بۆ خانه‌واده‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه‌سوكارى بكوژانى ئه‌حمه‌د داوا ده‌كه‌ن كوڕه‌كانیان له هه‌مان شوێنی تاوانه‌كه‌یاندا له‌سێداره بدرێن.
شه‌وى 19/8/2019 منداڵێكى ته‌مه‌ن هه‌شت ساڵ به‌ناوى ئه‌حمه‌د غه‌دیر، له‌لایه‌ن دوو مێرمنداڵه‌وه به به‌رد و پارچه بلۆك كوژرا، بكوژه‌كان (ره‌سوڵ ته‌مه‌ن 16 ساڵ و هاوار ته‌مه‌ن 14 ساڵ، دواى كوشتنى ئه‌حمه‌د، ده‌ستدرێژیشیان كردبووه سه‌ری.
هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به (رووداو)ی راگه‌یاند: "ئه‌و دوو مێرمنداڵه، ئه‌حمه‌دیان به مه‌به‌ستی ده‌ستدرێژی له‌گه‌ڵ خۆیان بردووه‌ته نزیك كۆمه‌ڵگه‌ی هیران سیتی، به‌ڵام ئه‌و خۆی به‌ده‌سته‌وه نه‌دابوو، بۆیه به به‌رد و بلۆك له سه‌ریان داوه و كوشتوویانه، دواتریش ده‌ستدرێژییان كردووه‌ته سه‌ری".
ئه‌حمه‌د به‌هۆى داوێك كه ره‌سوڵى پوورزاى بۆ دانابووه‌وه، پێوه‌بوو. ئه‌و دواى ئه‌وه‌ى ئاماده نه‌بووبوو خۆى به‌ده‌سته‌وه بدات، له‌لایه‌ن ره‌سول و هاواره‌وه به به‌رد و بلۆك له بن دیوارى مزگه‌وتى باغى به‌هه‌شت له كۆمه‌ڵگه‌ى هیران ستى كوژرا.
(ره‌سوڵ. س) كه ته‌مه‌نی 16 ساڵه و نه‌خوێنده‌واره به (رووداو)ى گوت: "رقم له ئه‌حمه‌د بوو، چونكه تووڕه‌ی كردبووم، كوڕێكی لاساری نازدار بوو، هه‌مووان خۆشیانده‌ویست، به‌ڵام هیچ كات بیرم له كوشتنى نه‌كردبووه‌وه. ئه‌و ئێواره‌یه به هاوارم گوت بیهێنێته ده‌ره‌وه له ماڵ. هاوار هێناى. دوای ده‌رچوون له كۆڵانه‌كه‌یان، پێمگوت ده‌چین بۆ پیاسه و ئێستا ده‌گه‌ڕێینه‌وه، ده‌ستمان له ته‌كسییه‌ك ڕاگرت و گوتمان بمانبه بۆ كۆمه‌ڵگای هیران ستی، له نیوه‌ی رێگا داوای پاره‌ی لێكردین هیچمان پاره‌مان پێنه‌بوو، شۆفێره‌كه پێیگوتین دابه‌زن".
بۆچى هیران ستى؟ ره‌سوڵ ده‌ڵێت: "چونكه چۆڵه و كه‌سی لێ نییه، له پشت مزگه‌وتێك له هیران ستى زلله‌یه‌كم له ئه‌حمه‌د دا، هیچى نه‌گوت. دواتر ویستم ده‌ستدرێژی بكه‌مه سه‌رى، به‌ڵام رێگه‌ی نه‌دام، بۆیه بلۆكێكم له سه‌رى دا و كه‌وت. هیچ جوڵه‌ی نه‌ما. مۆبایله‌كه‌یم له گیرفانى ده‌رهێنا. به هاوارم گوت پشتم تێ بكه. كاری خۆم له‌گه‌ڵ كرد".
(هاوار. ئی) كه وه‌كو ره‌سوڵ نه‌خوێنده‌واره، خۆى به هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراو ده‌زانێ و ده‌ڵێت: "ئێواره بوو، ره‌سوڵ پێی‌گوتم ده‌بێت ئه‌حمه‌د بهێنیته ده‌ره‌وه. منیش هاوڕێمه و چاكه‌ی به‌سه‌رمه‌وه هه‌یه و دڵیم نه‌شكاند. ئه‌حمه‌دم بۆ هێنایه ده‌ره‌وه. دواى ئه‌وه‌ى ره‌سوڵ ده‌ستدرێژى كرده سه‌ری، پێی‌گوتم تۆش ئیشى خۆت بكه. منیش بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیا بم كه ئه‌حمه‌د نه‌ماوه، به‌ردێكم كێشا به‌سه‌ریدا، كاتێك دڵنیابووم ناجوڵێ، ده‌ستدرێژیم كرده سه‌ری. بینیمان خوێن له سه‌رى ده‌هات، زۆر ترساین، كات بوو به ده‌ی شه‌و گه‌ڕاینه‌وه بۆ ماڵه‌وه".
ئه‌حمه‌د دواى ئه‌وه‌ى ناگه‌ڕێته‌وه، دایكى ته‌نگاو ده‌بێ. به‌هۆى ئه‌وه‌ى باوكى ئه‌حمه‌دیش له ماڵ نه‌بووه، په‌نا بۆ خزم و ناسیاوهكانى ده‌بات. ره‌سوڵ و هاوار كه كوڕی گه‌ڕه‌ك و كه‌سی ئه‌حمه‌دن، به‌بێ شڵه‌ژان له شه‌وه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكى دیكه به‌دواى ئه‌حمه‌ددا ده‌گه‌ڕێن.
بۆ به‌یانى كاتێك خه‌ڵك ده‌چن بۆ مزگه‌وت، ته‌رمى مێرمنداڵێك له بن دیوارى مزگه‌وت ده‌دۆزنه‌وه و پۆلیسى لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه. دواى تێپه‌ڕبوونى شه‌ش سه‌عات به‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى ته‌رمه‌كه‌دا، پۆلیس له رێگه‌ى كامێراى چاودێرییه‌وه بكوژانى ئه‌حمه‌د ده‌دۆزێته‌وه.
غه‌دیر جه‌مال ئه‌و كاته‌ى كوڕه‌كه‌ى كوژراوه له به‌غدا بووه. ئه‌و ده‌ڵێت كوڕه‌كه‌ی به‌شێوازێكى زۆر دڕاندانه كوژراوه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پرسه‌ی بۆ دانه‌ناوه. ئه‌حمه‌د كوڕه گه‌وره‌ى غه‌دیره كه ئه‌و به كوڕێكى "چالاك و سه‌نگین" وه‌سفى ده‌كات و داواش ده‌كات بكوژانى كوڕه‌كه‌ی له‌و شوێنه له سێداره بدرێن كه تاوانه‌كه‌یان تێدا كردووه.
كه‌سوكاری هه‌ردوو بكوژه‌كه له ماڵی باوكی مێرمنداڵه كوژراوه‌كه دانیشتوون، ئه‌وان كه هه‌موویان خزمی یه‌كدین، داوا ده‌كه‌ن كوڕه‌كانیان له‌سێداره بدرێن.