سكاڵا دژی پارێزگاری سەماوە و لیژنەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان تۆماردەكرێت
رووداو- سلێمانی
دكتۆر نیكۆلا ئەشرەف شاڵی و تەیموری تاقانەی ئەنفال سکاڵای یاسایی دژی پارێزگاری سەماوە و لیژنەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان تۆماردەكەن و رایدەگەیێنن، دەیان ئێسکوپروسک لەنێو ئەو گۆڕانەدا بەجێماون کەمتەرخەمی زۆر لە هەڵگرتنەوەیاندا کراوە.
لەو بارەیەوە دكتۆر نیكۆلا ئەشرەف شاڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی لە پارێزگای سەماوە هەڵدەدرێنەوە زۆر بەخراپی كاریان تێداكراوە و دەیان ئێسكوپروسك لەنێو گۆڕەكاندا بەجێماون، لیژنەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سەرجەمی ئەو كەمتەرخەمییانە دەبینن و هیچ هەنگاوێكیش نانێن.
لەبارەی وادەی تۆمارکردنی سکاڵاکەیانەوە د. نیکۆلا گوتی: ئەمڕۆ لە دادگای سەماوە بە بیانوی جیاواز سكاڵاكەیان بۆ تۆمارنەكردووین، بەڵام سبەی 27ـی مانگ دووبارە لەگەڵ تەیموری تاقانەی ئەنفال سكاڵای یاسایی دژی پارێزگاری سەماوە و لیژنەی هەڵدانەوەی گۆرە بە كۆمەڵەكان تۆماردەكەن.
کۆتایی مانگی تەمموز لیژنەی نیشتمانی گۆڕەبەکۆمەڵەکان، کە لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای شەهیدانی عێراق و پەیمانگەی پزیشکی دادوەری بەغدا پێکدێن، رووفاتی 171 کەس لە گۆڕەبەکۆمەڵەکەی سەماوەدا دەرهێنا. رووفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادوەری بەغدا کراون تاوەکو نموونەی "دی ئێن ئەی" ـیان لێوەربگیرێت.
پێشتریش سیروان جەلال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو 171 رووفاتە ناهێندرێنەوە تاوەکو دوو گۆڕەکەی دیکەی سەماوە هەڵنەدرێنەوە کە پێشبینیدەکەن نزیکەی 500 رووفاتیان تێدابێت. دوای ئەوەی هەموو ئەو رووفاتانەی هەڵگیراونەتەوە پشکنینی 'دی ئێن ئەی' ـیان بۆ دەکرێت و لە رۆژی 14ـی نیسانی ساڵی داهاتوو دەهێندرێنەوە هەرێمی کوردستان و بەخاکدەسپێردرێن".
باسی لەوەشکردبوو، بەهۆی گەرماوە هەڵدانەوەی گۆڕەکان دوادەکەوێت بۆ مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، تاوەکو کەشوهەوا فێنک دەکات.