داهاتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە نزیکەی دوو ملیار دینار زیادیکردووە
رووداو دیجیتاڵ
داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیان بەبەراورد بە هەفتەی رابردوو، نزیکەی دوو ملیار دینار زیادیکردووە.
بەپێی ئامارەکانی ماڵپەڕی شەفافیەت کە تایبەتە بە تۆمارکردن و نیشاندانی داهاتەکانی پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، لەم هەفتەیەدا واتە لەنێوان 20 بۆ 26ـی تەمموز، داهاتەکانی نانەوتی 15 ملیار و 714 ملیۆن دینار بووە، واتە بەراورد بە داهاتەکانی هەفتەی رابردوو 14٪ زیادی کردووە.
بەپێی ئەو ماڵپەڕە، داهاتەکانی ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆکانیان لە هەفتەی رابردوو، واتە لەنێوان 13 بۆ 19ـی ئەم مانگە 13 ملیار و 781 ملیۆن دینار بووە، ئەوەش ملیارێک و 933 ملیۆن دیناری لە داهاتەکانی ئەم هەفتەیە کەمترە.
رۆژی پێنجشەممە، 15-12-2022، قوباد تاڵەبانی، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بەگەڕخستنی ئەو ماڵپەڕەی راگەیاند، کە ماوەیەکی زۆر میدیای یەکێتی بە ناوی "تۆش بیزانە.."ـەوە رێکلامی بۆ دەکرد.
قوباد تاڵەبانی لەبارەی پڕۆژەکەوە لە پەیجی خۆی نووسی "لە رێگەی ماڵپەری shafafiat.com ـەوە، رۆژانە و سات بە سات سەرجەم داهاتی نانەوتیی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بە وردەکارییەوە دەخرێتە بەرچاوی هەموو هاووڵاتییان".