پۆلیسی سلێمانی: دایک و کچێک بە تۆمەتی کوشتنی هاووڵاتییەک دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی کوشتنی هاووڵاتییەک، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە دایک و کچێکن. 
 
رۆژی هەینی، 26ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای ئەوەی شەوی رابردوو کەسێک بەسەردان دەچێتە ماڵێک لە گەڕەکی کانێسکانی شاری سلێمانی، دواتر لەماڵەکەدا لەگەڵ دوو کەسی تردا دەبێتە شەڕ و دەماقاڵێی، لەئەنجامدا کەسەکە بەچەقۆ بەسەختی بریندار دەکرێت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانلەدەستدەدات، تۆمەتباران بۆ شوێنێکی نادیار هەڵدێن."
 
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکە و ئەنجامدانی هێڵکاریی بۆ شوێنی رووداوەکە، لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەستیانپێکرد، "سەرەنجام و دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لە ماوەیەکی کەمدا دوو تۆمەتبار لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن."
 
بەگوێرەی پۆلیس، ئێستا هەردوو تۆمەتبار (ن. ع. م. - ئـ. ج. م.) کە دایک و کچن، بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405 لە یاسای سزادان راگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.