بوومەلەرزەیەک کرماشانی هەژاند و ژنێک بریندار بوو

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.9 پلەی رێختەر شارۆچکەی گەوارەی سەر بە شاری داڵاهۆی پارێزگای کرماشانی هەژاند. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ژنێک بریندار بووە و چەند خانوویەکیش زیانیان پێگەیشتووە.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزەی ئێران، بوومەلەرزەکە کاژێر 01:05 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 26ی تەممووزی 2024 روویداوە، چەقی بوومەلەرزەکە لە شارۆچکەی گەوارە بووە و لە قووڵایی 8 کیلۆمەتر تۆمارکراوە. 
 
بوومەلەرزەکە لە شارەکانی دیکەی پارێزگاکە و هەندێک ناوچەی سەر بە پارێزگای ئیلام هەستی پێکراوە.
 
ئەفشین یگانە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، تیمەکانیان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ ئەوەی لێکۆلێنەوە و بەدواداچوون بۆ زیانەکانی بوومەلەرزەکە بکەن. 
 
مەسعود میحنەتی، قایمقامی داڵاهۆ رایگەیاند، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە بوومەلەرزەکەی گەوارەدا ژنێکی تەمەن 47 ساڵ لە کاتی هەڵاتن لە ماڵ بریندار بووە و گوێزراوەتەوە نەخۆشخانە.
 
بەپێی زانیارییەکان، بەهۆی بوومەلەرزەوە ژمارەیەک خانوو لە گەوارە و شائاباد درزی بردووە.
 
لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەمین جارە بوومەلەرزە لە شارۆچکەی گەوارەی کرماشان روودەدات. رۆژی دووشەممە، 22ی تەممووزی 2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلەی ریختەر ئەو شارۆچکەیەی هەژاندبوو، بەڵام هیچ زەرەر و زیانێکی نەبوو.
 
شارۆچکەی گەوارە سەر بە شاری داڵاهۆیە و بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمیی ئێران کە لە ساڵی 2016 کراوە، ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی 18 هەزار کەسە.
 
لە 12ی تشرینی 2017، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.4 پلەی رێختەر لە سنووری باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان روویدا، شارۆچکەی ئەزگەلەی سەر بەسەرپێڵی زەهاو ناوەندی بوومەلەرزەکە بوو. بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، 620 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 10 هەزار کەسیش برینداربوون، بە هەزاران خانوو و باڵەخانە لە شارەکانی سەرپێل زەهاو، شائاباد و سەلاسی باوەجانی رووخان. 
 
لە 24ی تشرینی 2018یش بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.4 پلەی رێختەر شاری سەرپێل زەهاوی هەژاند و بەهۆیەوە 776 کەس بریندار بوون.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە