تۆڕی میدیایی رووداو و کۆنسووڵخانەی فەرەنسا بەبۆنەی ئۆڵۆمپیادەوە چالاکییەکیان رێکخست

26-07-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆڕی میدیایی رووداو و کۆنسووڵخانەی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر چالاکییەکیان لە هەولێر رێکخست. چالاکییەکە هاوکات بوو لەگەڵ ئاهەنگی دەستپێکردنی ئۆڵۆمپیادی پاریس.
 
دەیان بەشداربووی چالاکییەکە، لە نێویاندا یاریزانانی دیاری هەرێمی کوردستان لە شاشەی گەورەوە تەماشای دیمەنە راستەوخۆیەکانی پاریسیان کرد.
 
یان برایم، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بە رێکخستنی چالاکییەکە دەربڕی و گوتی، "لێرە هەست بە شانازی دەکەم، چونکە دەزانم لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادا هەولێر پشتیوانی لە پاریس دەکات"؛ هەروەها رایگەیاند، "زۆر سوپاسی رووداو دەکەم کە لەگەڵ ئێمە ئەم بەرنامە زۆر جوانەیان رێکخستووە."
 
یان برایم ئاماژەی بەوەشکرد کە "زیاتر لە 85 سەرکردەی وڵاتان لە پاریس کۆبوونەتەوە، لە نێویاندا [لەتیف رەشید] سەرۆککۆماری عێراق، هەروەها [نێچیرڤان بارزانی] سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق."
 
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە چالاکییەکەدا گوتەیەکی پێشکێش کرد و گوتی، "ئەوەی لە ئۆڵۆمپیاددا دەبینرێت، لێکنزیکردنەوەی گەلانە لە رێگەی وەرزشەوە. ئەمڕۆ کە جیهان بەهۆی چەند شەڕێکەوە دابەش بووە، لە پاریس یەکیگرتووەتەوە. لەوێ رووسەکان هەن، ئۆکراینییەکانیش هەن؛ لەوێ فەلەستینیش و بێگومان ئیسرائیلیش هەن."
 
 
ئاکۆ محەممەد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی گرنگە و لە پەیامەکانی سەرۆکی فەرەنساشدا بینراوە ئەوەیە کە بەهۆی ئۆڵۆمپیادەوە "گفتوگۆی سیاسی و دروستکردنی حکومەت رادەوەستێت بۆ ئەوەی وەرزش دەستپێبکات. وەرزش دەستیپێکرد، خۆشەویشتی لەنێوان خەڵکدا دەستپێدەکات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی رێبوار محەممەد، پێشکێشکاری وەرزشیی رووداودا، کۆنسووڵی فەرەنسا باسی لەوە کرد کە ئەم ئۆڵۆمپیادە "بەشێکە لە دیپلۆماسی"ی وڵاتەکەی بۆ نیشاندانی تواناکانیان بە جیهان. 
 
 
ئەمە سێیەم جارە لە مێژوودا پاریس، ناوەندی کولتووریی جیهان، میوانداریی ئۆڵۆمپیاد بکات، دوای ئەوەی لە ساڵانی 1900 و 1924 کردی. 
 
بە گوتەی یان برایم، "لەم ئۆڵۆمپیادەدا ژمارەیەکی یەکسانی یاریزانانی ژن و پیاو رکابەرایەتی دەکەن"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گازە گەرمکەرانەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی ئۆڵۆمپیاددا دەردەرێن، ئەمجارە بۆ نیوە کەم دەکرێنەوە؛ گوتیشی، "ئەمە پەیامێکی سیساسییە کە دەمانەوێت بە جیهانی بدەین."
 
یان برایم گوتی، "وەک هاووڵاتی و دیپلۆماتێکی فەرەنسا هەست بە شانازی دەکەم، چونکە بێگومان ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئێمە بۆ پێشاندانی جوانیی شار و هەرێمەکەمان؛ هەروەها بۆ ئەوەی ئاستی خۆمان لە وەرزشدا پێشانبدەین، چونکە چەندین ساڵە وەبەرهێنانی زۆرمان لەو کەرتەدا کردووە."
 
دیپلۆماتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، "لەبەر ئەوەی سەرنجی هەموو میدیا لەسەر فەرەنسایە، دەرفەتێکی گەورەمان لەپێشە بۆ پێشاندانی ژمارەیەک پەیام،" لەوانەش "شوێنە گەشتیارییەکانی پاریس". 
 
کۆڤان حەسەن، خاوەن میدالیای زێڕی پارائۆڵۆمپیادی ریۆ دی جانیرۆی بەرازیل لە چالاکییەکەدا بەشداربوو و گوتی، "تاکە یاریزانی کوردم توانیبێتم مەدالیای زێڕ لە پارائۆڵۆمپیادی 2016 لە بەرازیل لە یاریی هەڵدانی رم بەدەستبهێنم. بەهۆی ئەوەی لە لادێ دەژیام، بۆ من قورس بووم راهێنان بکەم، بەڵام سوپاس بۆ لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر راهێنەریان بۆ دانام و بۆ ماوەی 9 مانگ راهێنانم کرد."
 
 
هەروەها هانا هاوار، یاریزانی شەترەنج لە چالاکییەکەدا گوتی، "یاریی شەترەنج لە هەموو یارییەکانی دیکە جیاوازە، وەک وەرزشێک وایە بۆ مێشک. ئەو یاریزانانەی یاریی شەترەنج دەکەن، هەمیشە هزریان باشترە لەوانی دیکە و زیرەکترن."
 
 
گەنجێکی بەشدار لە چالاکییەکەش وەک ئەندامی دەستەی هاندەرانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان خۆی ناساند و چەپکێ گوڵی پێشکێشی کۆنسووڵی فەرەنسا کرد و گوتی، وەک هاندەرانی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان گرووپی تایبەت بە خۆیان هەیە.
 
 
کچێکیش خۆشحاڵ بوو بە رێکخستنی ئەو چالاکییە و گوتی، "ئاهەنگ و رێوەڕەسمەکانی ئەمشەو زۆر سەرنجڕاکێشن."
 
بەرپرسانی پاریس چاوەڕێ دەکەن 15.9 ملیۆن گەشتیار لە ماوەی ئۆڵۆمپیاددا سەردانی شارەکە بکەن کە یەکێکە لە پڕگەشتیارترینەکانی جیهان. 
 
 
یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد گەورەترین کۆبوونەوەی وەرزشیی مرۆڤە لە سەرانسەری جیهان، کە هەزاران رکابەر لە چەندین وەرزشی جیاجیادا لەخۆدەگرێت، وەک یارییەکانی گۆڕەپان و مەیدان، مەلەکردن، زۆرانبازی، پایسکیلسواری، تۆپی باسکە، تۆپی پێ و یارییەکانی دیکە کە ئارەزوومەندانی بینینی ریکۆردەکان بۆ خۆیان رادەکێشن.
 
یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پاریس 2024 ئەمڕۆ 26ـی تەمموز بە رێورەسمێکی نایاب لە کەنارەکانی رووباری سەین کاژێر 20:30 بە کاتی باشووری کوردستان دەستیانپێکرد. 
 
بەگوێرەی ئەوەی لیژنەی رێکخستنی یارییەکانی ئۆڵمپییەکان لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە، پێشبڕکێکانی ئۆڵۆمپیاد سێ هەفتە دەخایەنێن و لە رۆژی 11ـی ئاب کۆتاییان دێت.
 
لە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی 2024ـدا لە 32 پێشبڕکێی وەرزشی ئۆڵۆمپیاددا رکابەری لەسەر 584 میدالیا زێڕ، زیو و برۆنز دەکرێت و 10 هەزار و 500 وەرزشڤان، لە 206 لیژنەی ئۆڵۆمپیی نیشتمانی بەشداری تێدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".