لە رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژێکدا سێ کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسیش بریندار بوون.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 25ی تەممووزی 2024، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان شارەکانی روانسەر - جوانڕۆ و لە نزیک گوندی دەوڵەتئاوا دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پیجۆ 405 و سەمەند پێکیاندادا، بەهۆی سەختیی رووداوەکە، ئۆتۆمبێلی جۆری پیجۆ گڕی گرت.
 
فریاکەوتنی روانسەر رایگەیاند، لە رووداوەکەدا کەسێک گیانی لەدەستدا و چوار کەسیش بریندار بوون، کە لە رێگەی سێ ئامبوڵانسەوە بۆ نەخۆشخانەی حەزرەتی رەسوولی جوانڕۆ گوێزرانەوە.
 
هەر هەمان رۆژ لە رووداوێکی دیکەدا لەسەر رێگەی نێوان سەقز - بانە لە پارێزگای سنە، دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری پیجۆ 206 و بارهەڵگرێک پێکیاندادا.
 
عیسا گەوهەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی سنە رایگەیاند، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش بریندار بوون کە هەر هەموویان سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەن.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، عیسا گەوهەری گوتی، خێرایی زۆر و دەرچوونی ئۆتۆمبێلی جۆری پیجۆ 206 لە رێڕەوەکەی، هۆکاری رووداوەکە بووە.
 
درەنگانی شەوی رابردووش لە رێگەی نێوان گوندی میراوا و گەڕەکی تەرزیلۆی شاری ورمێ، ئۆتۆمبێلکی جۆری پراید وەڕگەرا و بەهۆیەوە دوو کەس لە سەرنشینانی بریندار بوون.