رووداو دیجیتاڵ
هەفتەى داهاتوو کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ناوى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رەوانەى لایەنە پەیوەندارەکان دەکات بە مەبەستى لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان. بە گوتەى بەرپرسێکى کۆمیسیۆنیش لە نێوان 10 بۆ 15ى ئاب تیروپشک بۆ ژمارەى لیست و بەربژێران دەکرێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "وردبینی کۆمیسیۆن لە دۆسیەى بەربژێران تەواو بووە و هەفتەى داهاتوو ناوەکان ئاڕاستەى لایەنە پەیوەندارەکان دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان."
ناوى بەربژێران ئاڕاستەى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان، دەستەکانی دەستپاکیی هەردوولا دەکرێت، تاوەکو دڵنیا ببنەوە کە دۆسیەى تاوان و گەندەڵییان لەسەر نییە.
عیماد جەمیل گوتی: "دەبێت لەماوەى 15 رۆژدا ئەو لایەنانە وەڵاممان بدەنەوە، چونکە لە نێوان 10 بۆ 15ى ئاب تیروپشک بۆ ژمارەى بەربژێران و لیستەکان دەکرێت"، بەڵام بە گوتەى ئەو بەرپرسە هێشتا ئەوە یەکلا نەبووەتەوە کە تیروپشکەکە تەواوکاریى تیروپشکى پێشوو دەبێت یان جارێکى دیکە بۆ هەموو بەربژێر و لیستەکان دەکرێتەوە.
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، کۆتایى پێکهاتەکان، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ