پێستی ئاژەڵ لە وڵاتان سەرچاوەی داهاتە و لە هەرێمی کوردستان فڕێدەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە دیمەنی فڕێدانی کەوڵی مەڕ لە سلێمانی زبڵدانێکی سلێمانی دەبینن، رۆژانە ئەو دیمەنە لە ناوچە جیاوازەکان دووبارە دەبێتەوە. ساڵانە کەوڵی نزیکەی 900 هەزار مەڕ و بزن لە هەرێمی کوردستان بەفیڕۆدەچێت، ئەوە جگە لەوەی سوود لە خورییەکەیشیان وەرناگیرێت.
نە لە نێوخۆ کەڵکی لێ وەردەگیرێت، نە هەناردە دەکرێت، بازرگانانیش تەنیا چەرمی رەشەوڵاخ هەناردەی وڵاتان دەکەن، ئەویش بە خۆشنەکراوی یان بە نیمچە خۆشکراوی و بڕێکی کەمیش بە خۆشکراوی.
سەرکەوت سەردار، سەرپەرشتیاری خانی ئاژەڵە و دەڵێت، "کەوڵی مەڕمان هەیە بێ ئەوەی هیچ سوودی لێ وەربگیرێت، فڕێدەدرێت، لەکاتێکدا دەتوانین سوود لە خوری و چەرمەکەشی وەربگرین، ئەوەشی دەچێتە دەرەوە چەرمی رەشەوڵاخە، جاری وایە بە شەش مانگ پارەکەیمان بۆ نایەتەوە. ئێمە دەباخخانەمان نییە، ئەگەر نا ئەم چەرمە بۆ وڵاتان بنێردرێت، زۆر خێری دەبێت."
کیلۆیەک چەرمی رەشەوڵاخ لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 500 دینارە، لە تورکیا بە نزیکەی دۆلارێک دەفرۆشرێتەوە، لە هەمانکاتدا گومرگ و رسووماتەکەی بۆ هەر بارێکی 25 تۆنی نزیکەی پێنج هەزار دۆلارە.
بەهۆی زۆریی گومرگ و کەمیی خێر و دابەزینی نرخی چەرم لە وڵاتانی دەرەوە، ژمارەیەکی زۆر لە بازرگانان لە کار وەستاون.
کاروان حوسێن، بازرگانی پێستی ئاژەڵە بووە لە سلێمانی و ئێستا وازی هێناوە، باس لەوە دەکات، نزیکەی حەوت ساڵە وازی لەو کارە هێناوە، ئێستا تەنیا پێنج بازرگان بە کەمی کار دەکەن، "پێشتر بازرگانێکی زۆر هەبوون، بەڵام ئێستا لە هەولێر و دهۆکیش هەر دوو سێ کەس کار دەکەن. ئەگەر لە هەرێمی کوردستان کارگە هەبێت، چەرم پارە دەکات، بەڵام بۆ ناردنەدەرەوە خەڵکەکە لێی کشاوەتەوە، دەڵێت، فڕێیبدەم باشترە لەوەی چەرمەکە بەهاکەی چوار هەزار دۆلار بێت و پێنج هەزار دۆلار بدەمە گومرگ."
تەنانەت هەناردەکردنی چەرمی ئاژەڵی گەورەش روو لە کەمییە، بازرگانێک کە نزیکەی 30 ساڵە کار لە چەرمدا دەکات، ساڵی رابردوو مانگانە نزیکەی 100 تۆن چەرمی دەناردە تورکیا، ئێستا نیوە کەمتر دەنێرێت.
ئەو بازرگانە ناوی زیاد سەلیمە، دەڵێت: هەموو شتێک لەم چەرمە دروستدەکرێت، بۆ نموونە، پێڵاو، قایش، جانتا، کوشن و داشبۆردی ئۆتۆمبێل، قەمسەڵە و زۆر بەرهەمی دیکە، "بۆیە چەرم زۆر گرنگ و بە بەهایە، بەڵام لێرە بەهای نییە بەداخەوە، بە نموونە قەم سەڵە هەیە بە چەرم دروستدەکرێت، بە 200 دۆلار زیاتر دەفرۆشرێت. کێشەکانمان زۆرە و خەڵکیش زۆر کەم کاری تێدا دەکات، چونکە خێری زۆر کەمبووەتەوە و گومرگیش زۆرە."
سەڕاجەکان سوود لە هیچ کامی ئەو چەرمانە وەرناگرن، چونکە ئەوەی بەکاری دەهێنن لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و هەندێکیش لە شارەکانی عێراقەوە هاوردە دەکەن.
توانا سەلمان، سەڕاجە لە سلێمانی، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوانیش حەز دەکەن زیاتر بەرهەمی خۆماڵی بەکاربهێنن، "بەڵام 30 ساڵە ئەم کارە دەکەم، چەرمی خۆماڵیم بەکارنەهێناوە، چونکە شوێنێک نەبووە بە جوانی چەرمەکە خۆش بکات تاوەکو پێویستمان بە دەرەوەی وڵات نەبێت."
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، نزیکەی 19 هەزار تۆن چەرم هەناردەی وڵاتانی تورکیا، ئێران، ئەفغانستان، ڤێتنام و پاکستان کراوە، بەراورد بە ساڵی 2016، کە 28 هەزار تۆن بووە 32٪ کەمیکردووە.
دکتۆر میقداد ئاکرەیی، بەڕێوەبەری کەرەنتینە لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە بە رووداوی راگەیاند، "ئاسانکاریی تەواو دەکەین بۆ ئەوەی بەرهەمەکانیان هەناردەی دەرەوە بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمی کوردستان بناسرێت و ببێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ بازرگانان. کارگەمان لە هەندێک ناوچە هەیە، کە هەڵدەستن بە خۆشکردن و پیکڵکردن، بەڵام هەندێک کێشەیان هەیە و هەوڵدەدەین بە هاوکاریی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە چارەسەری بکەین."
بەرهەمی ساڵانەی چەرمی رەشەوڵاخ لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی چوار هەزار تۆن. هەروەها 770 هەزار مەڕ و 115 هەزار بزنیش پێستەکانیان بەفیڕۆ دەچێت.
کەرتی ئاژەڵداری بە یەکێک لە کەرتە بە بایەخەکان دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری هەر وڵاتێک، بەڵام ئەمەی ئێستا دەگوزەرێت بەفیڕۆدانی بەشێکە لەو سامانە بە بایەخە، هەربۆیە گرنگیپێدان و کارئاسان و دامەزراندنی کارگە پێویستییەکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.