لە هەولێر دژی کامیلی حاجی عەلی و لە سلێمانی دژی عیرفان عەبدولعەزیز سکاڵا تۆمار دەکرێت

26-07-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن عیرفان عەبدولعەزیز کامیلی حاجی عەلی بزووتنەوەی ئیسلامی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارێزەری عیرفان عەبدولعەزیز، کە لە کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامییدا بە رابەر هەڵبژێردرا و بەشێکی حیزبەکەی بە رابەرایەتی کامیلی حاجی عەلی رەتیانکردەوە، دەڵێت لە دادگەی هەولێر سکاڵایان دژی کامیلی حاجی عەلی تۆمار کردووە. گوتەبێژی باڵی سکاڵالێکراویش دەڵێت، ئەوانیش لە دادگەی سلێمانی دژی عیرفان عەبدولعەزیز سکاڵایان تۆمار کردووە.
 
رۆژی چوارشەممە 26ـی تەمموزی 2023، رێبوار خۆشناو، پارێزەری عیرفان عەبدولعەزیز، کە ئێستا وەک رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی خۆی دەناسێنێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دژی ئەوەی مامۆستا کامیلی حاجی عەلی خۆی وەک رابەڕی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان ناساندووە، لە ئۆکتۆبەری 2022ـەوە سکاڵای یاساییمان لە دادگەی هەولێر تۆمار کردووە و تاوەکو ئێستا ئامادە نییە بچێتە دادگە."
 
پارێزەری عیرفان عەبدولعەزیز جەختی لەوە کردووە، دادگە لەبەرژەوەندیی ئەوان بڕیاریداوە و دۆسێیەکەی یەکلاکردووەتەوە کە عیرفان عەبدولعەزیز رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانە.
 
قسەکانی پارێزەرەکەی عیرفان عەبدولعەزیز لەکاتێکدایە، دووشەممە، 24ـی تەممووز، پارێزەر کەمال سازانی، راوێژکاری یاسایی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان - باڵی کامیلی حاجی عەلی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا کە لە شاری سلێمانی بەڕێوەیان برد گوتی، 23ـی تەمموز هێزێک بە پێنج ئۆتۆمبێلەوە لە هەولێر بارەگای سەرەکییان کە مەڵبەند بووە داخستووە و ئاڵاکەیان هێناونەتە خوارەوە؛ گوتیشی، "پێشلکاریی گەورەمان بەرامبەر کراوە و، بۆ داخستنی مەڵبەندەکەمان، هێزەکە هیچ نووسراوێکی دادگەیان پێنەبووە."
 
لە هەمان کۆنگرەدا، محەممەد بازیانی، گوتەبێژی هەمان باڵی بزووتنەوەی ئیسلامی گوتی، ئەوان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دۆستایەتییان هەیە و داخستنی بارەگاکەیان و "سووکایەتی" بە ئاڵا و لۆگەی حیزبەکەی بە هەڵوێستی فەرمی ئەو حزیبە نازانن، بەڵام نیگەرانن لە رووداوەکە؛ گوتیشی، مەڵبەندەکەیان پێشتر "بە فەرمی و بە ئاگاداریی ئاسایش" کراوەتەوە.
 
محەممەد بازیانی جەختیکردەوە کە ئەوان "زۆرینە"ی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان پێکدەهێنن؛ هەروەها بەبێ ئەوەی ناوی بهێنێت ئاماژەی بەوەکرد، کە عیرفان عەبدولعەزیز لەسەر سکاڵای ئەوان فەرمانی دەستگیرکردنی لە سنووری سلێمانی هەیە و گوتی، "ئەو کەسە (عیرفان عەبدولعەزیز) ئامادە نییە بچێتە دادگە، ماڵەکەی 50 مەتر لە بنکەی پۆلیسەوە دوورە و ناچێتە بەردەم یاسا، هیچ نەبێت رێزێک لە یاسا بگرێت".
 
لەبەرامبەردا رێبوار خۆشناو پارێزەری عیرفان عەبدولعەزیز رەتیکردەوە ئاسایش بێ مۆڵەت بارەگای بزووتنەوەی ئیسلامیی (باڵی کامیلی حاجی عەلی) لە هەولێر داخستبێت و گوتی، "کە دادگە بڕیاری لە بەرژەوەندیی عیرفان عەبدولعەزیز دا، ئێمە داوامان کرد وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێبکات، چونکە دادگە تەنیا بڕیار دەدات و لایەنی جێبەجێکار نییە؛ ئەوەبوو دوای دووبارە داواکردنەوەمان، لە چەند رۆژی رابردوودا هێزە ئەمنییەکان چوون بارەگاکەیان داخست و بڕیاری دادگەیان جێبەجێکرد؛ بەگوێرەی یاسا نابێت دوو حیزب بە یەک ناو و ئاڵاوە هەبن".
 
شوباتی ساڵی رابردوو بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کۆنگرەی بەست، لە کۆنگرەدا عیرفان عەبدولعەزیز بە کۆی دەنگ بە رابەری حیزبەکە هەڵبژێردرایەوە، بەشێکی بەرپرسانی حیزبەکە ئەنجامەکەیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکەیان، رابەر مافی نییە سێجار خۆی بەربژێر بکات کە عیرفان عەبدولعەزیز بەو شێوەیە خۆی بەربژێر کردووە، لەو کاتەوە ناکۆکیی لەنێو حیزبەکەدا دروستبووە و بەردەوامە.
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەماندا لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە یەک لیست بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و، هیچ بەربژێرێکیان بۆ پەرلەمان سەرنەکەوتن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

یەکەمجارە دواى 37 ساڵ سەرژمێری لە عێراق و هەرێمى کوردستان پێکەوە دەکرێت

زیانەکانى نەگەڕانەوە بۆ رۆژى سەرژمێرى؛ ئاییندەى خاک، پشکى بودجە و کورسیی پەرلەمان

بەشداریى هاونیشتمانییانى ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە سەرژمێریى گشتیى دانیشتووان بە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانیان، کاریگەرى لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچانە و پشکیان لە بودجە و کورسییەکانیان بۆ پەرلەمانى عێراق دەبێت.