پۆلیسی هەولێر سێ مێرمنداڵ بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیردەکات

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی سێ مێرمنداڵی راگەیاند کە هەرسێکیان قوتابین و "لە چەندین شوێنی هەولێر دزییان کردووە" و دەشڵێ: "لە خواردنگەکان نانیان خواردووە و پارەیان نەداوە و هەڵاتوون." 
 
رۆژی سێشەممە 26-7-2022 هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ماوەیەک بەر لە ئێستا چەند رووداوێکی دزیکردن لە هەولێر تۆمارکران و ئێمەش بەدواداچوونمان کرد، لە ئەنجامدا هێزەکانمان سێ کەسیان دەستگیرکرد. تۆمەتبارەکان هەرسێکیان مێرمنداڵن؛ بۆیەش نەمانهێنانە بەردەم میدیاکان." 
 
هۆگر عەزیز گوتی: "تۆمەتبارەکان هەرسێکیان قوتابین و دووانیان تەمەنیان 17 ساڵانە و ئەوی دیکەشیان 16 ساڵە؛ دوای لێکۆڵینەوە دانیان بەوەدانا کە زیاتر لە پێنج دزییان لەنێو شاری هەولێر کردووە، بەڵام یەک داوای یاساییان لەسەر تۆمارکراوە و ئێستا رێڕەوی یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر." 
 
بە گوتەی هۆگر عەزیز: "ئەو سێ تۆمەتبارە دزییان لە دووکانەکانی فرۆشتنی مۆبایل کردبوو و سێ مۆبایلی ئایفۆن 13یان دزیبوو و دواتر کە لێکۆڵینەوەمان لێکردن، دانیان بە چوار تاوانی دیکەدانا، دەرکەوت لەناو بازاڕی باتەی هەولێر ئەنگوستیلەی زیو و لەناو بازاڕی موبایلفرۆشان لە کۆتری سەلام چەند مۆبایلێکی دیکەشیان دزیوە." 
 
وەکو گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەیپێدا: "ئەو کەسانە لە بازاڕەکانی فامیلی مۆڵ و ماجدی مۆڵ مۆبایل و جلوبەرگ و کاتژمێر و هێدفۆنیان دزیوە؛ هەروەها چوونەتە چێشتخانەکان نانیان خواردووە و پارەیان نەداوە و هەڵاتوون؛ هەندێکجار لەگەڵ خاوەن چێشتخانەکانیش شەڕیان کردووە کە ڤیدیۆی شەڕەکەیان پێشتر لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکرابوویەوە، هاوکات ئۆتۆمبێلێکی بی ئێم دەبلیوی بێ تابلۆشیان پێبووە." 
 
هۆگر عەزیز دەڵی: "بەگوێرەی دانپێدانانەکانیان، هەموو ئەو تاوانانەیان بۆ ئەوە ئەنجامداوە پارە بەدەستبهێنن و خەرجی بکەن. ئەوان ئێستا بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی گیراون و دراونەتە دادگە بۆئەوەی رێڕەوی یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر."