كچە کوردێکی کرماشان لە رێگای کۆچکردن بۆ ئەوروپا دەخنکێت

رووداو دیجیتاڵ
 
کچە کوردێکی تەمەن 35 ساڵ، دانیشتووی کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە دەیویست بچێتە بەریتانیا، لە ئاوەکانی یۆناندا خنکا.
 
مونیرە حەیدەری، کە خەڵکی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، نزیکەی 40 رۆژ لەمەوبەر بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا زێدی خۆی بەجێهێشت و رووی لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا کرد، دواتر لە تورکیاوە بەڕێکەوت بۆ ئیتاڵیا، بۆ ئەوەی لەوێوە خۆی بگەیێنێتە بەریتانیا، بەڵام بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمەکەیان لە ئاوەکانی یۆناندا خنکا.
 
مونیرە، خەڵکی گوندی زەردوویی سەر بە شاری پاوە بوو، بەڵام ساڵانێک بوو لە شاری کرماشان دەژیا. ئەو تاقە کچی ماڵەکەیان بووە و بەکالۆریۆسی لە بانکداری و ماستەری لە بەشی کارگێڕی بازرگانی لە زانکۆی هەمەدان وەرگرتووە.
 
مونیرە تەنیا یەک برای هەیە، کە لە بەریتانیا دەژی، مونیرە ویستوویەتی خۆی بگەیەنێتە لای براکەی. 
مامێکی مونیرە بە رووداوی گوت: "ئەو جاری دووەمی بووە هەوڵیداوە لە تورکیاوە بگاتە ئیتاڵیا، جاری یەکەم بەلەمەکەیان لە ئاوەکانی تورکیادا تێکچووە و کەشتییەکی رووسی فریایان کەوتووە و رادەستی تورکیای کردوونەتەوە."
 
بەگوتەی ئەو مامەی، ئەوان چەند رۆژ لەمەوبەر دیسان هەوڵیانداوە خۆیان بگەیێننە ئیتاڵیا، پارەی زیاتریان بە قاچاخچییەکە داوە بۆ ئەوەی 25 کەس سواری بەلەمەکە بکات، بەڵام نزیکەی 57 کەسی سەرخستووە.
مامی مونیرە دەڵێت: "زۆرمان هەوڵ لەگەڵ مونیرە دا کە لێرە بمنێنێتەوە، بەڵام سوور بوو لەسەر رۆیشتن."