ژیانی منداڵێک لە مەترسیدایە و خێزانەکەی داوای هاوکاری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
عەبدوڵڵا تەمەنی سێ ساڵ و هەشت مانگە، لە زگماکییەوە نەخۆشی جگەری هەیە و پێویستی بە چاندنی جگەرە. خێزانەکەی چاوەڕوانی خێرخوازانن تاوەکو هاوکارییان بکەن، دایکی عەبدوڵڵا دەڵێت "هیچم ناوێت، تەنیا چارەسەری کوڕەکەم بکەن".
باوکی عەبدوڵڵا باس لەوە دەکات کە کرێکارە و داهاتی رۆژانەی 15 هەزار دینارە، هەندێک رۆژ کاری دەستناکەوێت دەشڵێت "کوڕەکەم مانگانە پێویستی بە 600 دۆلارە، منیش باری داراییم زۆر خراپە".
وەکو باوکی عەبدوڵڵا ئاماژەی پێدەکات، سێ ساڵە داهاتی کارکردنی بۆ چارەسەکردنی کوڕەکەیەتی.
بە گوتەی د. فەرهاد ساڵح، پزیشکی نەخۆشی منداڵان، عەبدوڵڵا پێویستی بە چاندنی جگەر هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش 50 هەزار دۆلار پێویستە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان نەشتەرگەریی چاندنی جگەر ناکرێت، دەشڵێت "عەبدوڵڵا تووشی خوێنبەربوون بووە و چارەسەرەکەی لە دەرەوەی وڵاتە".
بەپێی ئامارەکانی نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان، لە ساڵی 2019دا 10 کەس بەهۆی لەکارکەوتنی جگەرەوە گیانیان لەدەستداوە و 15 کەسی دیکەش پێویستیان بە چاندنی جگەرە.