ئەمریکا: پار هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەی لە 18 کەیسی بارزگانیکردن بە مرۆڤەوە کردووە و 8 کەسی دادگایی کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی لەبارەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بڵاوکردەوە و لەبارەی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە دەڵێت، "بۆ یەکەمجار لە پێنج ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان راپۆرتی تایبەتی خۆی تایبەت بەو پرسە بڵاوکردووەتەوە."
لە راپۆرتەکەدا حکومەتی عێراق پلەی دووەمی پێدراوە، ئەمەش بەواتای ئەوەی ئەو وڵاتە ئاستی هەنگاوەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ ناگاتە ئاستی پێویست، بەڵام هەنگاوی بەرچاویش گیراونەتە بەر.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، بەراورد بە 12 مانگی رابردوو، حکومەتی عێراقی هەنگاوی باشی ناوە. بۆیە بۆ پلەی دوو بەرز کراوەتەوە.
هەنگاوەکانی عێراق بریتی بوون لە؛ لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تاوانکارانی تایبەت بە تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ. هەروەها زیادکردنی ژمارەی کارمەندانی بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لەنێویشیاندا ئەفسەری پۆلیسی ژن.
هەروەها حکومەت هاوکاریی زیاتری قوربانییانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کردووە، دوو پەناگەشی بۆ قوربانییەکانی لە بەغدا و دیوانییە کردووەتەوە.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە "حکومەتی هەرێمی کوردستان بەجیا راپۆرتێکی بۆ یەکەمجار لە پێنج ساڵی رابردوودا بڵاوکردەوە، هەروەها ژمارەیەکی زیاتری قوربانییانی بازرگانیکردنیان بە مرۆڤ دەستنیشان کرد."
لە راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە "حکومەت (ـی عێراق) رێکاری جێبەجێکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردنی بە مرۆڤ داڕشت و پەسند کرد، کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە لیژنەی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە رۆڵ و بەرپرسیارێتیی وردی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دابینکرد."
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی عێراق لە چەند بوارێکی سەرەکیدا کەمترین ستانداردەکانی بەدی هێناوە. لەنێویان لێپێچینەوە لەو بەرپرسانەی گومانیان لەسەر منداڵ و کەسوکاری چەکدارانی داعش قۆستووەتەوە و خێزانەکانیان لە بازرگانیکردن بە کاری سێکسی تێوەگلاندووە لە بەرامبەر بەڵگەنامە مەدەنییەکان کە پێویستە بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییەکانی حکومەت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە "حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ چوارچێوە و رێکارێکی باسنەکردووە کە پێویستن بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، کە لە ساڵی 2012ـدا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسند کرا."
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی هەرێمی کوردستان هاوبەشیکردووە و لە راپۆرتەکەی ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە، تایبەت بە ئاماری لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ رایگەیاندووە: "هەرێمی کوردستان لێکۆڵینەوەیان لە 18 کەیسی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە کردووە کە 12یان پەیوەندی بە بازرگانی سێکسییەوە هەبووە و شەشەکەی دیکەش پەیوەستن بە کارکردن بە ناچاری."
هەروەها هەرێمی کوردستان باسی لەوە کردووە، لێکۆڵینەوەیان لە دوو کەیسی دیکەی جیاواز بەردەوامە. دادگاکانی هەرێمی کوردستان هەشت تۆمەتباری بازرگانیکردن بە مرۆڤیان بە تاوانبار ناساندووە، بەڵام راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات هەرێمی کوردستان هیچ وردەکارییەکی لەبارەی سزاکان و جۆری تاوانەکانی لەسەر ئەو هەشت کەسە بڵاونەکردووەتەوە.
راپۆرتە ئەمریکییەکە دەڵێت "هەرێمی کوردستان پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی لە هەر چوار پارێزگەکەی هەرێمی کوردستان و دوو ئیدارە سەربەخۆکە هەیە، بەڵام ئەوەی زاخۆ هێشتا بەتەواوەتی چالاک نییە."
لەکۆتاییدا، راپۆرتە ساڵانەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات "هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاوئاهەنگییەکی پتەویان لەسەر تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەیە. هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان سەرچاوە مرۆیی و زانیارییە هەواڵگرییەکانیان لەگەڵ هێزەکانی عێراق هاوبەشکردووە لە کەیسەکانی تایبەت بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە."
رۆژی سێشەممە 25ـی حوزەیرانی 2024 سیندی دایەر، باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن دایەوە.
باڵیۆزی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ گوتی، ئەم ساڵ ریزبەندیی عێراق لەبارەی نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بۆ ئاستی دووەم بەرز کراوەتەوە و گوتی، "ئەوە ئاماژەیەکی باشە و ئەوە دەردەخات کە هەوڵی زۆر هەبووە، بەڵام هێشتا کاری زیاتر ماوە بکرێن."
هەوڵەکانی وڵاتان لە بابەتی رووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ بەسەر سێ ئاست دابەش دەکرێن.
دایەر لە بەشێکی گوتەکانیدا بۆ رووداو دەڵێ "سەرەڕای زیادکردنی راهێنانەکان، بەڵام هێشتا دادوەرەکان زانیاری زۆر سنووردارییان لەسەر پرسی بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەوان تاکە بەرپرسن کە بەفەرمیی قوربانییان دیاری دەکەن و خزمەتگوزارییان پێشكێش دەکەن. هەروەها ئێمە تێبینی ئەوە دەکەین کە لە هەندێک کەیسەکاندا بەرپرسان نەیانتوانیوە ناسنامەی قوربانییەکان دیاریبکەن، کە لە ئەنجامدا بەشێوەیەکی نەگونجاو سزای قوربانییەکان دەدەن و کە رەنگە ناچار بوون وەکو بەشێک لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، تاوان ئەنجام بدەن. ئێوەش تێبینی ئەوە دەکەن ئەوە شتێکە ئێمە لە تەواوی راپۆرتەکەدا تێبینیمان کردووە، ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێمە بەردەوام جەخت لەوە دەکەینەوە قوربانییەکان بەشێوەیەکی نەگونجاو سزا نەدرێن بۆ ئەو تاوانانەی ناچاربوون وەک بەشێک لە بازرگانیکردن ئەنجامی بدەن، ئێمە بەتایبەت ئەوەمان لە عێراق بینیوە لە کەیسەکانی پێشێلکاری لەشفرۆشی یان پێشێلکاری کۆچبەری. هەروەها ئێمە بینیومانە کە کەمی خزمەتگوزاری بۆ کۆمەڵگە بەشێک لە کۆمەڵگە لاوازەکانی وەکو LGBTQI کە دەستییان بە خزمەتگوازارییەکان ناگات."