بڕیارە ئەنجوومەنی پارێزگاکەی کەرکووک یەکەم کۆبوونەوەی بکات؛ ئاسۆی هەڵبژاردنی پارێزگار روون نییە

26-06-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی لە کەرکووک بانگهێشتی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەی کردووە تاوەکو پێکەوە بڕیاربدەن هەفتەی داهاتوو یەکەم کۆبوونەوە ئەنجام بدرێت و ئەنجوومەنی پارێزگا کارا بکرێتەوە. 
 
عامر جبووری، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، "کەرکووک پێویستی بە یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتەیە و پێم وایە سەرۆکوەزیرانی عێراق پلانی کاری هەیە لەسەر ئەم بابەتە، ئومێدەوارین هێزە سیاسییەکان لە چەند رۆژی ئاییندە بڕیارێکی کەرکووکییانە بدەن کە ببێتە مایەی چارەسەرێکی کەرکووکییانە بۆ دۆخی کەرکووک." 
 
رووداو زانیویەتی لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەن، هیچ بڕیارێک لەسەر دانانی پارێزگار نادرێت و دوای کۆبوونەوەکە، ماوەی مانگێک دیاری دەکرێت بۆ دانانی پارێزگار.
بەرەی تورکمانیی عێراق دەڵێت، کۆدەنگی هەیە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن و دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان بە رێژەی 32٪.
 
ئەرشەد ساڵحی، سەرکردە لە بەرەی تورکمانی بە رووداوی راگەیاند، "کۆدەنگیمان هەیە بۆ بەستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا و رێککەوتن لەسەر ئالیەتی پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەش لەنێوان سێ پێکهاتەکە، پۆستە ئیداری و ئەمنییەکان بە رێژەی 32٪ دابەشبکرێن و پۆستی پارێزگاریش بەشێوەی خول بێت لەنێوان سێ پێکهاتەکە." 
 
ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، دوای ئەو دەنگۆیانە دێت کە باس لە سەردانی محەممەد شیاع سوودانی دەکات بۆ کەرکووک، لایەنەکان دەیانەوێت بەر لەو سەردانە، ئەنجوومەنەکە کارا بکەنەوە.
 
ئەحمەد کەرکووکی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژە بەوە دەکات، "پێشبینی دەکەین لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجوومەن بکرێت بەبێ ئەوەی هیچ بڕیارێکی سیاسی تێدا بدرێت، ئەگەرێکیش هەیە بەڕێز سوودانی سەردانی کەرکووک بکات، دەتوانین بڵێین لە هەفتەی داهاتوودا ئاسۆیەکی روون دەبێت لەسەر کاتی ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا."
 
هەفتەی داهاتوو ئەو وادەیە تەواو دەبێت کە سوودانی دوای سێ کۆبوونەوە بە لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دابوو. 
 
دابەشکردنی پۆستی پارێزگاکە بەسەر کورد، عەرەب و تورکمان تائێستا بەهێزترتن پڕۆژەی پێشکەشکراوە. 
 
زیاتر لە شەش مانگە گرێکوێرەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوەتەوەە و بەهۆیەوە تەمەنی ئیدارەکەی راکان جبووری درێژبووەتەوە. ئەگەر بەر لە چوونی سوودانی بۆ کەرکووک لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن و ئەنجوومەنی پارێزگا کارا نەکەنەوە، بڕیارە سوودانی خۆی پارێزگارێکی کاربەڕێکەر بۆ ئەو شارە دابنێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران

99 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران تێدەپەڕێت؛ داوای ئاشکراکردنی شوێنی گۆڕەکەی دەکرێت

شێخ سەعیدی پیران رۆژی 29ی حوزەیرانی 1925 لەگەڵ 46 هاوڕێی لە گۆڕەپانی داغكاپی، كە ئێستا ناوەكەی گۆڕاوە بۆ مەیدانی شێخ سەعید، لە ناوەندی شاری ئامەدی باکووری کوردستان، لەسێدارەدرا؛ ئەمڕۆ 99 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران تێدەپەڕێت