ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی راسپارد پەلەبکات لە ناردنی لیستی مووچەی مانگی شەش بۆ بەغدا

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوایکرد وەزارەتی دارایی و ئابووری پەلە بکات لە ناردنی لیستی مووچەی ئەم مانگەی مووچەخۆرانی کوردستان بۆ بەغدا، هەروەها ناردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024) ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی کرد، بەپێی راگەیێندراوی حکومەت تاوتوێی ژمارەیەک دۆسییە و تەوەریان کردووە.
 
خواست لەسەر کارەبا بە بڕی 811 مێگاوات لە بەرهەمهێنان زیاترە
 
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە؛ راپۆرتێک لەبارەی رەوشی کارەبا لە وەرزی هاوین و هەوڵەکانی وەزارەت بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی کارەبا لەم وەرزەدا لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا خرایەڕوو.
 
وەزیری کارەبا لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "خواستی کارەبا لەم مانگەدا 4800 میگاواتە، بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا 3989 مێگاوات بووە، کە دابەشکراوە بەسەر شارەکاندا و بە تێکڕا نزیکەی 13 کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دابینکراوە لەم مانگەدا."
 
هۆکارەکانی کەمیی کارەباشی خستەڕوو کە بریتیین لە "کەمیی گازی سرووشتیی پێویست بۆ بەگەڕخستنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەی ساڵانەی هاوبەشانی کارەبا و، زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا."
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا، وەزیری کارەبا ژمارەیەک پێشنیازی خستەڕوو بۆ باشترکردنی کارەبا و بڕیاریان لەبارەوە درا. جگە لەوە ئەنجوومەن پێشنیازێکی وەزیری کارەبای بۆ بەردەوامبوونی داشکاندنی رێژەی 20٪ـی قەرزی کارەبا، تاوەکو 31ـی مانگی تەممووزی ئەمساڵ پەسندکرد.
 
"وەزارەتی ئەوقاف لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو حاجیانە بکۆڵێتەوە کە لە حەج گیانیان لەدەستدا"
 
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا لەبارەی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ئەمساڵی حەج، رێکارەکانی وەزارەتی ئەوقاف و بابەتی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ کرا.
 
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەپێی راگەیێندراوەکەی حکومەت ئاماژەی بەوە دا؛ ژمارەی حاجیانی هەرێمی کوردستان 4685 کەس بووە و ''وەزارەت لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و بەرپرسی نووسینگەی حەج لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم، بەرپرسیاربوون لە سەلامەتی، هاتووچۆ و گواستنەوەی حاجیان بۆ سعودیە، هەروەها بەدواداچوونی دابینکردنی شوێنی حەوانەوەیان و نانخواردنیان و سەلامەتی و سەرپەرشتیکردنیان، تیمی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمیش، هاوەڵی حاجیانی هەرێمی کوردستان بوون بۆ پاراستنی سەلامەتیی تەندروستیان، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی داراییشی تەرخانکردبوو بۆ حاجیان.''
 
سەبارەت بە گیان لەدەستدانی ژمارەیەک لە حاجیانی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران "وەزارەتی ئەوقافی راسپارد بەهەماهەنگی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدانی ئەو حاجیانە بکۆڵنەوە و، هەموو رێکارێک بگرنەبەر بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەم رووداوە دڵتەزێنانە لە ساڵانی داهاتوودا." 
 
"پەلەبکرێت لە ناردنی لیستی مانگی شەشی مووچەخۆران" 
 
بابەتە داراییەکان و مووچەی مووچەخۆران بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ تەرخانکرا، لەوانە لیستی مووچەی مانگانەی مووچەخۆران، وردبینیی دیوانەکانی چاودێری لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بەبانکیکردنی مووچە، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی دامەزراوەکان، بەشی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی مانگانەی هەرێمی کوردستان، رێکخستنەوەی مینحەی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە.
 
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، کورتەیەکیان لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی بابەتەکان خستەڕوو.
 
ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە "خوازیاری چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە، سەرجەم وەزارەتەکانیش راسپێردران، کە پێویستە بەردەوام بن لەسەر ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجی و میلاکی هەرێم لە کاتی خۆیدا و بەردەوامبن لە پێشکێشکردنی کارئاسانی پێویست بۆ تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە وردبینی و پێداچوونەوە."
 
سەبارەت بە مووچەی مانگی پێنجی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکانیش، هاتووە "داواکرا وەزارەتی دارایی عێراق، بە زووترین کات مووچەکانیان خەرج بکات بەتایبەتیش کە لە دواهەنگاودا، حکومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگەی بە سەرجەم داتا و زانیاریی پێویست ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە و، هیچ بيانوویەک بۆ نەناردنی مووچەکانیان نەماوە."
 
ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابووریی کوردستانیشی راسپارد "پەلە بکەن لە ناردنی لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی 6 بۆ بەغدا، هەروەها ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم بۆ ئەژمێری وەزارەتی دارایی عێراق." وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە.
 
لە کۆتاییدا ئەنجوومەنی وەزیران دیاریکردنی رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵی بە رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خستە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانیی لێکرا.