لە شارۆچکەیەکی ورمێ تەقینی بۆریی گاز زیانی بە 30 ماڵ و دووکانی دەوروبەری گەیاند
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تەقینی بۆریی گاز لە ماڵێکدا لە شاری شاهیندژی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک بە سەختی بریندار بوو و زیانێکی زۆر بە 24 ماڵ و شەش دووکانی دەوروبەری گەیشت.
رووداوەکە شەوی سێشەممە 25ی حوزەیرانی 2024 لە شەقامی پرۆفیسۆر هەشترودی و پشت نەخۆشخانەی شاهیندژ بووە.
ئەمیر ئەسڵانی، بەڕێوەبەری ئاگرکوژێنەوەی شاهیندژ رایگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گاز لە بۆریی گازی ماڵێک لە گەڕەکێکی ئەو شارە، تەقینەوەیەکی گەورە روویداوە، بەهۆیەوە ماڵەکە بە تەواوی رووخاوە و کەسێک بە سەختی بریندار بووە.
ئەمیر ئەسڵانی گوتی، بەهۆی بەهێزیی تەقینەوەکە، 24 ماڵ و شەش دووکانی دەوروبەر زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. گوتیشی، لێکۆڵینەوەی زیاتر لەبارەی رووداوەکە دەستیپێکردووە.
شاری شاهیندژ سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و بەپێی دوایین سەرژمێریی فەرمی، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 43 هەزار کەسە.