مەرسوومی دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن گەیشتە کۆمیسیۆن

26-06-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، مەرسوومی هەرێمیی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی تایبەت بە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی پێگەیشت و دەڵێت ئامادەین لە 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ هەڵبژاردن بکەن.
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نووسراوی مەرسوومی هەرێمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە دیاریکردنی رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
نووسراوەکە، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26ـی حوزەیرانی 2024) دەرچووە و لەلایەن فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە واژۆکراوە، مەرسوومەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی تێدا هاوپێچ کراوە.
 
نووسراوەکە بۆ 13 شوێن نێردراوە، لەوانە سەرۆکایەتیی کۆمار، پەرلەمانی عێراق، حکومەتی عێراق، ئەنجوومەنی دادوەری، دادگەی باڵای فیدراڵی، سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراق، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەریی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، نوێنەرایەتیی حکومەتی کوردستان لە بەغدا، دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، فەرمانگەی کاروباری یاسایی و فەرمانگەی کارگێڕیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
 
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق بە رووداوی راگەیاند، دوای گەیشتنی مەرسوومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، دەستدەکەن بە تەواوکردنی رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو وادەیەی دیاریکراوە.
 
سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق گوتی "ئێمە، بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو دەست بە وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنەکە دەکەین، بە گشتی تاوەکو ئێستا 70٪ـی رێکار و ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردن تەواوکردووە لەو کاتەی دیاریکراوە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
لە مەرسوومەکەدا جگە لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن، ئەوەی تێدا باسکراوە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن بکەن بۆ جێبەجێکردنی مەرسوومەکە.
 
جگە لە بەشی زۆری لایەنە سیاسییەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ژمارەیەک وڵات پێشوازییان لە دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن کرد، کە چوارەم جارە دیاریدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە