گوتەبێژی یەکێتی: ئامادەین بۆ هەڵبژاردن

26-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت، بە ئامادەییەوە بەرەوپیری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەچن، دەشڵێت، هەموو سیناریۆکان بۆ نەکردنی هەڵبژاردن لەو وادەیەی دیاریکراوە، رەتدەکەنەوە.
 
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 26-06-2024) مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد. دوای کۆبوونەوەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاری کراوە رایگەیاند، ''ئێمە، لە سەرەتاوە پێمانوابوو هەرچی زووتر، دەبێت هەڵبژاردن بکرێت، چونکە هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی زۆر ئاڵۆز لە بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆزدایە، بۆیە پێویستی بە حکومەتێکی کارا و پەرلەمانێک هەیە کە هەڵنەپەسێردرابێت.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی ''بەهۆی ئیرادەی میللەتەکەمان، لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و پێویستیی هەڵبژاردن، وادەکەی راگەیێندرا.''
 
هەر ئەمڕۆ (چوارشەممە)، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20-10-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد. گوتەبێژی یەکێتی ئاماژەی دا، ''پێمان باش بوو هەڵبژاردن لە 10ـی حوزەیراندا کرابووایە، بەڵام بۆ ئێمە گرنگ ئەوەیە هەڵبژاردن بکرێت.''
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن گوتی "بە ئامادەییەوە بەرەوپیری هەڵبژاردن'' دەچن و 'هیوادارین لە دۆخێکی باشدا بەڕێوەبچێت، دەبێ خۆمان بەدووربگرین لە زمانێکی زبر کە ببێتە هۆی سەرئێشە و تێکدان.''
 
گوتەبێژی یەکێتی گوتیشی ''خەڵک دڵنیا دەکەینەوە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و، هەموو ئەو سیناریۆ و چەواشەکارییانە رەتدەکەینەوە، کە رەنگە بۆ تێکدانی دۆخی هەڵبژاردن بێنە ئاراوە."
 
ئەم هەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی دەکرێت، گوتەبێژی یەکێتی دەڵێت ''ئێستا بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی بێلایەنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پرۆسەکە بەڕێوەدەبات، وەک پێشوو دەرفەتی دەستکاریکردنی ئەنجامەکان نەماوە و لیستی دەنگدان لەوانەی کە گیانیان لەدەستداوە یان ئەوانەی خەڵکی عێراق نین و مافی دەنگدانیان نییە، پاکدەکرێتەوە."
 
دڵشاد شەهاب لەبارەی دیاریکردنی وادەی نوێی هەڵبژاردن رایگەیاند، لەگەڵ تەواوی لایەنەکان گفتوگۆیان کردووە بۆ دیاریکردنی رۆژەکە، بەڵام هەموویان لەسەری کۆک نەبوون و بیروبۆچووونی جیاواز هەبووە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی ''لەسەر وادەکە لەگەڵ یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان راوێژ نەکراوە، هەرچەند دەبووایە زووتر هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام بۆ ئێمە گرنگ بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیە.''
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، پێشتریش مەرسووم دەرکراوە و هەڵبژاردنەکە بەڕێوەنەچووە. دڵشاد شەهاب دەڵێت، ئەرکی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لە کاتی پێویستدا مەرسووم دەربکات و لایەنی دیکە هەن لە جێبەجێکردنەکەی بەرپرسیارن؛ دواکەوتنەکان پەیوەندیی بە لایەنەکانەوە هەبووە و، "هیچ" پەیوەندیی بە هەڵوێستی سەرۆک و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە نەبووە.
 

 

کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە راستەوخۆ لە فەیسبووکی رووداو: 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارمەندێک لە وێستگەیەکی کارەبای هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

مانگی حوزەیران 12 بۆ 14 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەبووە

بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، مانگی شەش لە هەرێمی کوردستان کارەبای نیشتمانی تێکڕا 12 بۆ 14 کاژێر هەبووە. زۆرترین کارەبای نیشتمانی لە سلێمانی و هەڵەبجە بووە، پاشان دهۆک و هەولێر