هاونیشتمانییەکی قامشلۆ دوای 16 مانگ لە زیندانی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئازاد کرا


رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستان دوای نزیکەی ساڵێک و 4 مانگ مانەوە لە زیندانەکانی سوپای نیشتیمانیی سووریای سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە، ئازاد کرا و گەڕایەوە ماڵەکەی لە شاری قامشلۆ.
 
هۆشەنگ ئەیوب، ناوی ئەو هاونیشتمانییەیە. خەڵکی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان و دانیشتووی ئەڵمانیایە، لە سەرەتای ساڵی 2023دا لە ئەڵمانیاوە بەمەبەستی گەشتکردن سەردانی ئیستەنبووڵی کرد، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم بێسەروشوێن بوو.
 
دوای چەندین مانگ گەڕان و سۆراخکردنی لەلایەن بنەماڵەکەی، بۆیان دەرکەوت کە لە زنیدانێکی گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە لە شارۆچکەی گرێسپی.
 
سەرچاوەیەک لە بنەماڵەی ئەو هاونیشتمانییە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هۆشەنگ رۆژی دووشەممە، 24ـی حوزەیرانی 2024، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک و چوار مانگ لە بێسەروشوێنبوونی لە زیندانێکی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای سەر بە تورکیا، ئازاد کرا و رۆژی سێشەممە، 25ـی حوزەیرانی 2024، گەیشتە ماڵی خۆیان لە شاری قامشلۆ.
 
بەپێی زانیارییەکان، دوایین جار لە مانگی ئاداری 2023، بنەماڵەی ئەو گەنجە پەیوەندییان پێوەکردبوو و دواتر پەیوەندییان لەگەڵ پچڕابوو، لە مانگی رەمەزانی ئەم ساڵ زانیارییان پێگەیشت کە کوڕەکەیان لە شارۆچکەی گرێسپییە و لە زیندانێکی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیادایە.