رووداو - چەمچەماڵ
خواناس وریا گلی رۆژی پێنجشەممە 22-06-2023 بە دەستڕێژی گولـلە لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا. رووداوەکە کاردانەوەی بەدوادا هات و، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان 'بەهۆی جیاوازیی بیروڕا'وە کوژراوە. باوکی لە پرسەکەیدا گوتی، هەرچی بێت کوڕەکەیان شایەنی کوشتن نەبوو.
وریا گلی، باوکی کوژراو بە رووداوی گوت، "کوڕەکەم مانگێکە لێرە نییە، لە دەرەوەی وڵات بووە و دوو رۆژە گەڕاوەتەوە. دوێنێ چووە بۆ کڕینی کەلوپەلی جەژن، لەوێ کوژراوە، هیچ کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە، گەر بیروڕای جیاوازیشی هەبووبێت شایەنی ئەوە نیە کە بکوژرێت، کوشتن نابێت."
تۆمەتبارەکە دوای 24 کاژێر لە رووداوەکە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد، جگە لە تۆمەتبار، برایەکی تۆمەتبارەکەش دەستبەسەرە، بنەماڵەکەی خواناس بە گومانن لە رووداوەکە و دەڵێن، "ئەوە تیرۆر بووە."
ئیدریس عەلی، ئامۆزای کوژراو گوتی، "ماڵی خواناس بە هیچ شێوەیەک ماڵی تۆمەتبارەکە ناناسن، هیچ پەیوەندییان پێوەی نەبووە، تەنیا ئەوە نەبووبێت کوڕەکەی ئێمە شێوەکارە، بیروڕای جیاوازی هەبووە و دیارە ئەوە لە کوردستان، کە فرە ئایین و نەتەوەیە، جێگەی دەبێتەوە. گەر لەسەر مەسەلەی ئایین بووبێت بۆ هێزە ئەمنییەکان بەجێیدەهێڵین، ئەوان بۆمانی روونبکەنەوە."
رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی دوێنێ پێنجشەممە گەنجێک بەناوی خواناس وریا لەناو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا، تۆمەتباری بکوژ بەناوی (هـ. ک. ع) لەژێر گوشاری لیژنەی ئەمنیی چەمچەماڵ خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد."
خواناس وریا تەمەنی 25 ساڵ بوو و ژیانی هاوژینیی پێکهێنابوو، باوکی منداڵێک بوو، خواناس جگە لە کاری هونەری، بۆ بژێویی ژیانی مانگێک بوو لە ئیمارات بووە و دوو رۆژ بەر لە کوشتنی بە سەردان گەڕابووەوە ماڵەکەی لە چەمچەماڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ