رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ شەش کەس بە رووداوی جیاجیا گیانیان لەدەستداوە کە سێ لەوانە لە رووباری خابووردا خنکاون.
رۆژی دووشەممە، 26ـی حوەزەیرانی 2023، ئەمیر عەلی، گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ لەو بارەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا شەش کەس لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گیانیان لەدەستداوە.
گوتەبێژی تەندروستیی زاخۆ گوتیشی کە دوێنێ گەنجێکی تەمەن 19 ساڵ لە رووباری خابووردا خنکاوە و ئەمڕۆش دوو منداڵی دیکە دوای ئەوەی کەوتوونەتە نێو رووباری خابوور گیانیان لەدەستداوە. نزیکەی کاژێر 10:00ی شەو تەرمی هەردوو منداڵەکە لە رووبارەکەدا دەرهێنران.
لەو بارەیەوە، رائید جەمال هەسن، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ بە رووداوی گوت، "کاژێر 6:30 خوولەک لە رووداوی خنکان ئاگادارکراینەوە و دەستبەجێ تیمەکانمان هاتنە ئێرە. بەداخەوە دوو نەوجەوان لە رووبارەکەدا گیانیان لەدەستدا." گوتیشی کە تەرمی یەکەم لەدوای کاژێر و نیوێک لەدوای رووداوەکە هێنرایە دەرەوە، "بەڵام دوای ئەوەی شەوی بەسەردا هات، ئەرکی تیمەکانمان قورستر بوو و کاژێر 9:55 خوولەک تەرمی دووەمیش هێنرایە دەرەوە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زاخۆ باسی لەوەش کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، شەش کەس لە زاخۆ بەهۆی کەوتنە ئاوەوە خنکاون بەڵام "هەموویان لە خابووردا نەبوون."
لای خۆیەوە، ئەمیر عەلی گوتی کە هەر دوێنێ، کوردێکی باکووری کوردستان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە لەنێو بازاڕی زاخۆ گیانی لەدەستداوە و هەر لەو 24 کاژێرەدا دوو کەسی دیکە بە تەزووی کارەبا گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ