رووداو دیجیتاڵ
ئێران لەبارەی هەواڵی پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لەلایەن ئەمریکاوە داوای روونکردنەوە لە هەرێمی کوردستان دەکات.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی دووشەممە، 26-06-2023، لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەیدا لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەگەری پێدانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە لایەن ئەمریکاوە بە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان گوتی، "سەرنج و جەختی تاران لەسەر بەرپرسیارێتیی حکومەتی ناوەندیی عێراقە؛ هاوکات دەبێت بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش لەو بارەوە روونکردنەوە بدەن".
کەنعانی دەڵێت، "بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەبێ ئاگاداری بەرپرسیارێتیی خۆیان و هەستیاربوونی کارەکانیان پەیوەندیدار بە ئاسایشی سنوور و رەچاوکردنی سیاسەتی دراوسێیەتی بن".
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تاران هیچکات متمانەی بە روانگە و کردەوەکانی ئەمریکا نییە، چونکە بە گوتەی ئەو، واشنتن بەرژەوەندیی خۆی لە ناسەقامگیرکردنی وڵاتانی ناوچەکە و تێکدانی پەیوەندیی وڵاتان لەگەڵ دراوسێکانیدا دەبینێت.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە، کۆنگرێسی ئەمریکا لە پڕۆژە بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیدا بڕگەیەکی زیادکردووە کە تایبەتە بە دابینکردنی سیستمی دژە مووشەکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان. ئەو بڕگەیە بڕیارە دوای ئەنجوومەنی نوێنەران، رەوانەی ئەنجوومەنی پیران بکرێت.
ئێرنی ئاودینۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز رۆژی 22-6-2023 بە رووداوی راگەیاند، ''کورد و پێشمەرگە بۆچەندین ساڵە هاوبەشێکی مەزنی ئێمەن؛ ئەوان پێویستیان بەو دژە مووشەکەیە و ئێمەش دەمانەوێت ئەوان بەهێزبن بەرامبەر بەو مووشەکانە؛ بۆیە ئەمە پێشکەوتنێکی گرنگە، بەڵام بەداخەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی نییە؛ دەبێت ئەنجوومەنی پیرانیش پەسندی بکات، دواتر دەچێتە کۆشکی سپی تاوەکو واژۆی لەسەر بکرێت.''
پڕۆژەکە لەلایەن کۆنگرێس مان دۆن بەیکن کە نوێنەرایەتیی ویلایەتی نیبراسکا دەکات دەستپێشخەری بۆ کراوە و لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی دیکەی کۆنگرێس کە سەر بە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکانە، پشتیوانی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ