رووداو - سلێمانی
دوای حەوت مانگ لە ئاهەنگی یەکگرتنەوەیان، لە زڕگوێزی سلێمانی شەڕ لەنێوان هەردوو حیزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران روویدا و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کوژران و یەکێکی دیکەیشیان برینداربوو.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، فەرماندە لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، "نزیکەی کاژێر و نیوێک شەڕ بەردەوام بووە، لە رێگەی رووداوە داوا دەکەم حیزب و خەڵکی کوردستان بێن بەهانامانەوە و نەهێڵن ئەم کێشەیە گەورە ببێت."
سامان ئیبراهیمی و هیوا سادقی ئەو دوو پێشمەرگەی کۆمەڵەن کە لە شەڕەکە کوژران، هۆکاری گرژی و جیابوونەوەی هەردوو کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، بەپێی راگەیێندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، بەڕێوەنەچوونی رێککەوتنەکان و لادانە لە ئامانجەکانی یەکگرتنەوە و ناکۆکیی سیاسی.
ئارام مودەڕیسی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان گوتی، "خۆشبینین بۆ چاککردنی کێشەکە، سەنگەرمان لەیەک نەگرتووە و یەک بارەگا و یەک پێشمەرگەمان هەیە و ئەو برادەرانەی شەهید بوون هەر پێشمەرگەی ئێمەن و داوا دەکەین ئەو برادەرانە بگەڕێنەوە سەر رێگەی گفتوگۆ، هەرچەندە باوەڕیشمان نییە بگەڕێنەوە."
هەردوو لای شەڕەکە رەتیدەکەنەوە یەکەمجار هێرشیان کردبێت، داوا دەکەن هێزە ئەمنییەکان یەکلایی بکەنەوە، بۆ نێوەندگیری و ئاشتەوایی حیزبەکانی دیکەی کوردستان هەوڵەکانیان دەستپێکردووە، بەڵام هیچ ئەنجامی نەبووە.
ئارام مودەڕیسی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان دەڵێت، "ئەو هاوڕێیانەمان لە پڕۆسەکە پاشگەز بوونەتەوە، ئەجێندا و داواکارییەکانیان روون نییە و بەداخەوە لە گفتوگۆدا بووین و بە نیوەچڵی بەجێیانهێشتووە، هێرشیان کردە سەر ماڵی کاک عومەر."
بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، هێزی پێشمەرگە و ئاسایشی سلێمانی چوونە شوێنی رووداوەکە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چەکیان لە بەشێک لەو هێزە سەندووە کە خۆیان بۆ شەڕ و تۆڵەکردنەوە ئامادە کردبوو.
بەشێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵە رەتیدەکەنەوە ئەو دوو پێشمەرگەی کوژراون سەر بە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بووبێت، بەڵکو دەڵێن هەردوو کۆمەڵە هەر یەکن و یەک بارەگایان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ