رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر پلانی نوێ بۆ دابەشکردن و چاودێریی کوالێتیی بەنزین ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، لەمەودوا سیستمی تاک و جووت بۆ بەنزینی 800 دیناری لە هەولێر نامێنێت و هاووڵاتییان دەتوانن لە سەرجەم بەنزینخانەکانی هەولێر 50 لیتر بەنزین وەربگرن.
رۆژی یەکشەممە 26-06-2022 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ سەبارەت بە کێشەی بەنزین لە پارێزگای هەولێر کۆبووینەوە و پێنج بڕیار دەرچوون، کە سەرجەمیان لە بەیانییەوە جێبەجێ دەکرێن."
بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، بڕیاری یەکەم پەیوەستە بە بەنزینی 690 دیناری کە لەلایەن کۆمپانیای کارەوە دابیندەکرێت و گوتی، "پێشتر پشکی هەولێر لەو بەنزینە زیاتر بوو، بەڵام ئێستا رۆژانە 400 هەزار لیترمان پێدەدرێت و ئێمەش بڕیارماندا بەنزینی 690 دیناری بە سیستمی تاک و جووت لەڕێگەی نۆ بەنزینخانەوە تەنیا بدەینە پاس و تاکسییەکان، تەکسییەکان رێژەیان بۆ دیاری نەکراوە و دەتوانن تانکییەکانیان پڕ بکەن و پاسیش دەتوانێت 50 لیتر وەربگرێت."
ئومێد خۆشناو پێدانی رۆژانە 400 هەزار لیتر بەنزینی 690 دیناری بە شایستە نازانێت و دەڵێت، "ناکرێت بەنزین لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بدرێتە پارێزگاکان، بەڵکو دەبێت بەپێی ژمارەی ئۆتۆمبێل رێژەکە دەستنیشان بکرێت، وەزارەتی ناوخۆ لەو چەند رۆژەدا ئاماری ورد لەسەر ژمارەی ئۆتۆمبێلی پارێزگاکان دەداتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆئەوەی لەسەر ئەو ئامارە بەشە بەنزینی پارێزگاکان دابینبکرێت؛ بەڵام بەپێی ئامارەکانی لای ئێمە 57%ی ئۆتۆمبێلی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێرە."
لەبارەی بەنزینی 800 دیناریش ئومێد خۆشناو ئەوە ئاشکرا دەکات، رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن لیتر دەدرێتە هەولێر و "لەپێناو کەمکردنەوەی قۆرخکاری، بڕیارمان دا هەموو ئەو بەنزینخانانەی مۆڵەتی فەرمییان هەیە، ئەو بەنزینەیان بدەینێ. لە بەیانییەوە ئەو بەنزینخانانەی خوازیاری وەرگرتنی ئەو بەنزینەن، دەتوانن داواکاری پێشکێشی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی پارێزگا بکەن."
پارێزگاری هەولێر زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "بۆ دابەشکردنی بەنزینی 800 دیناری، سیستمی تاک و جووتمان نەهێشت و هەموو ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی دەتوانێت رۆژانە 50 لیتر وەربگرێت."
بڕیارێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارێزگای هەولێر پەیوەستە بە رێگریکردن لە چوونەدەرەوەی سووتەمەنی لەو پارێزگایە. ئومێد خۆشناو دەڵێت، "هەستمان کردبوو گرووپێک هەیە یاری بە نرخی گازەوە دەکات و لە هەولێرەوە رۆژانە بڕێکی زۆر دەبرایە دەرەوە، بۆیە بازگەکانمان راسپارد بۆ لەمەودوا رێگە نەدرێت گاز ببرێتە دەرەوە و تەنانەت بۆ قەزاکانی سەر بە هەولێریش دەبێت بازرگانەکان مۆڵەتی گواستنەوەیان پێبێت."
بەپێی بڕیاری پارێزگای هەولێر، "لەمەودوا دەست بەسەر هەر بڕە گازێکدا بگیرێت کە بازرگانان نیازیان بووبێت بیبەنە دەرەوە، ناگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکەی و لە گۆڕەپانی سووتەمەنییش چاودێرییەکان چڕتر دەکرێنەوە. هەر کەسێک بازرگانی بە گازی هەولێرەوە بکات، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرینەبەر."
پارێزگاری هەولێر باسی لەو ئاسانکارییانە کرد کە بەرامبەر هاوردەکردنی سووتەمەنی بۆ بازرگانان دەکرێت و ئەوەی خستەڕوو، "ئەو بازرگانانەی سووتەمەنی لە پارێزگاکانی عێراقی و لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاوردە دەکەن، دەرگایان بەڕوودا دەکەینەوە و ئەوپەڕی ئاسانکارییان بۆ دەکەین، بەو مەرجەی پابەندی رێنوێنییەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بن و کوالێتیی بەنزینەکانیان بەرز بێت، بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیران وەکو هاندانێک بۆ ئەو بازرگانانە، رێژەیەکی زۆر لە رسوماتیان لەسەر کەمکراوەتەوە."
لەبارەی دەستکاریکردنی کوالێتیی بەنزین لەلایەن بەنزینخانەکانەوە، ئومێد خۆشناو گوتی، "لەمەودوا هەفتانە ناوی ئەو بەنزینخانانە رادەگەیێنین کە دەستکاریی کوالێتیی بەنزینەکەیان دەکەن و رێوشوێنیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
پارێزگاری هەولێر رەتیکردەوە کوالێتیی بەنزینی 800 دیناری خراپ بێت و باسی لەوە کرد، "بەنزینی 690 دیناری و 800 دیناری کە لە کۆمپانیای کار دابیندەکرێت، نۆرماڵە و کوالێتی زۆر باشە، بەڵام زانیاریمان هەیە هەندێک بەنزینخانە دەستکاریی دەکەن، ئێمە سێ هەفتەیە بە وردی چاودێریی هەموو بەنزینخانەکان دەکەین و لەمەودوا ئەو بەنزینخانانەی بەو هۆکارەوە رێوشوێنیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر، شوێنەکانیان دادەخەین و سزایان دەدەین و ناوەکانیشیان بڵاودەکەینەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ