رووداو دیجیتاڵ
رۆژی دووشەممە 27ی حوزەیران بە بەشداریی زیاتر لە 107 هەزار قوتابی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی دەستپێدەکەن و بەو هۆیەوە بۆ ماوەی چوار کاژێر لە رۆژانی تاقیکردنەوەکاندا هێڵەکانی ئینتەرنێت دەپچڕێن. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە رایدەگەیێنێت، بڕینی ئینتەرنێت لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەیە.
رۆژی 25ی حوزەیران لە کاتی بەشداریکردنیدا لە پۆدکاستی ئاڕجیی رادیۆی رووداو، کە شاد فارووق پێشکێشی دەکات، شەماڵ سەباح، بەڕێوەبەری تەکنیکی لە کۆمپانیای ئەبەکەس کامبریج گوتی، ئینتەرنێت بووەتە پێداویستیی سەرەتایی هەموو هاووڵاتییەک وەکو ئاو و کارەبا، پەیوەندیی نێوان هاووڵاتییان، بزنسێکی زۆر و گواستنەوەی هەواڵ لەسەر ئینتەرنێت دەکرێت و هەمووی بەهۆی تاقیکردنەوەکان دەوەستن و ئەمەش بە دڵنیاییەوە کار دەکاتە سەر بزنسەکان.
سەبارەت بە بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێت لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە، رۆژی یەکشەممە 26ی حوزەیرانی 2022، دیلان رەشید گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەڕووی تەکنیکییەوە ئێمە بڕینی هێڵەکانمان لە ئەستۆ گرتووە؛ ئەگینا تەواوی بابەتەکە لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە بووە، کە بە نووسراوی فەرمی داوایان لە ئێمە کردووە و ئێمەش کۆمپانیاکانمان لێ ئاگادار کردووەتەوە."
سەبارەت بە لایەنە ئابوورییەکەی، بەڕێوەبەری تەکنیکی لە کۆمپانیای ئەبەکەس کامبریج رایگەیاند، ئەگەر وڵاتێک بیەوێت زیان بە وڵاتێکی دیکە بگەیێنێت یەکەمجار ژێرخانی ئابووریی وڵاتەکە تێکدەدات، بۆ نموونە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی وڵاتەکە تێکدەدات، پاشان ئینتەرنێتی وڵاتەکە رادەگرێت بۆئەوەی کەس نەتوانێت وێنەکانی هێرشەکە بگوازێتەوە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە و ئەمەش وڵاتەکە دادەبڕێنێت لە جیهان، ئینتەرنێت بووەتە بەشێک لە ژێرخانی وڵات و بە بڕینی، زیان بە وڵاتەکە دەگات.
شەماڵ سەباح گوتی، ئەو وڵاتانەی ئینتەرنێت دەبڕن لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا وڵاتانی وەکو جەزائیر، سوودان، سووریا، عێراق و ئوردنە و لەنێو ئەم نموونانەدا ئوردن لە هەموویان باشترە و هێشتا گلەییان لەسەر هەیە، بەڵام کەمترین زیانیان بەخۆیان گەیاندووە و لەوێ تەنیا ئەپڵیکەیشنەکانی نامە گۆڕینەوە رادەگیرێن و ئەویش تەنیا لە دەوروبەری قوتابخانەکەدا لەڕێگەی ئامێرێکەوە کە ئینتەرنێتی ناوچەکە، دەبڕێت.
رۆژی 24ی حوزەیرانی 2022، فاتیح مەولەوی زادە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "راگرتنی هێڵەکانی ئینتەرنێت یەکێکە لە رێکارەکانی رێگریکردن لە گزیکردن لە تاقیکردنەوەکاندا."
تاقیکردنەوەی پۆلی 12 بە بەشداریی 107 هەزار و 130 خوێندکار لە بەشەکانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی لە دوو هەزار و 175 هۆڵی تاقیکردنەوەدا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ