رێکخراوێک: ساڵی 2020 نزیکەی 15 ئافرەت بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکمدراون


رووداو دیجیتاڵ

کارگێڕی رێکخراوی رۆشنبیری بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر رایدەگەیێنێت، رێژەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دوو هێندەی زیاتری رێژەی دانیشتووان زیادیکردووە. دەشڵێت، عێراق بووەتە ترانزێتێک بۆ هەناردەکردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ وڵاتانی دیکە و تەنانەت بە وڵاتێکی بەرهەمهێنی ماددە هۆشبەرکانیش هەژمار دەکرێت. 
 
سەرمەند بەرزنجی، کاگێڕی رێکخراوی رۆشنبیری بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لەسەر ئاستی جیهان رێژەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر رووی لە زیادبوون کردووە، هەرێمی کوردستانیش وەک و بەشێک لە جیهان رێژەکەی تێیدا زیادیکردووە."
 
سەرمەند بەرزنجی ئاماژە بە دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەڵێت، "بەپێی راپۆرتەکە لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ ساڵی 2019 بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی 22٪ زیادیکردووە. لە کاتێکدا رێژەی دانیشتووان لەسەر ئاستی جیهان بە رێژەی 10٪ زیادیکردووە."
 
هەر بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ساڵانی نەوەتەکان "عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بە یەکێک لە وڵاتە پاکەکان دانراوە لە پرسی ماددە هۆشبەرەکان، بەڵام ئێستا عێراق هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق، بووەتە ناوەندێک بۆ بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و عێراق وەکو ترانزێت بەکاردەهێندرێت بۆ ئەوەی ئەو ماددە هۆشبەرانە بگوازنەوە بۆ وڵاتانی دیکە."
 
بە گوتەی کاگێڕی رێکخراوی رۆشنبیری بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، سەرەڕای ئەوەی لە عێراق ماددە هۆشبەرەکان بەکاردەهێندرێن و بازرگانیان پێوە دەکرێت و هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێت، ماددەی هۆشبەریش بەرهەمدەهێندرێت و دەڵێت: "ناو بەناو لێرەو لەوێ دەست بەسەر کێڵگەی بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەریشدا دەگیرێت، کەواتە عێراق وەکو بەشێک لە وڵاتێکی بەرهەمهێنیش ئەژمار دەکرێت."
 
بەپێی ئەو ئامارانەی سەرمەند بەرزنجی خستنیەڕوو "لە ساڵی 2006، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان تەنیا 30 بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون، بەڵام لەنێوان ساڵانی2019 بۆ 2020 نزیکەی سێ هەزار کەس بە هەمان تۆمەت دەستگیرکراون، ئێستا زیاتر لە 800 کەس لە ناوەندەکانی چاکسازی بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکمدراون، کە نزیکەی 380 کەسیان بازرگانن، لەو ژمارەیە ئافرەتیشی تێدایە، هەروەها زیاتر لە 400 کەسیش بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر حوکمدراون، لەو ژمارەیەش نزیکەی 15 کەسیان ئافرەتن."