لەسەر كۆمێنتی فەیسبووك كوژرا


رووداو – قەڵادزێ‌

ئەوە سێ‌ ساڵە بەدوای یەكدا، پرسە لە ماڵی حەمە ئەحمەد تازە دەبێتەوە، هەر ساڵێك كوڕێكیان لەدەستدەدەن، بەڵام مردنی حەسەن وەكو مردنی دوو كوڕەكەی دیكەیان ئاسایی نەبوو، ئەم كوڕەیان لەسەر شتێكی زۆر سادە كوژرا كە سەرەتا بەهۆی شەڕە سەگەوە دەستیپێكرد، دواتر پەڕییەوە نێو فەیسبووك، پاشان مەرگی حەسەنی بەدوادا هات.

حەسەن حەمە ئەحمەد، تەمەن 31 ساڵ كە لەسەر لافیتەی پرسەكەی نووسرابوو (حەسەنی حەمەی پیرۆزە رەشی). سەعات 11:15 خولەكی شەوی 16/6/2019 لە نێو ئۆتۆمبێلەكەیدا لە گەڕەكی خۆیان (گەڕەكی هەنارۆك) لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌، بە چەقۆ و پاشان بە فیشەك كوژرا.

عوسمان ئەحمەد، بەڕێوەبەری كارگێڕیی نەخۆشخانەی گشتیی شەهیدانی قەڵادزێ‌ بە (رووداو)ی راگەیاند، هەر دوای رووداوەكە تەرمی حەسەن گەیەنراوەتە بەشی پزیشكی دادیی نەخۆشخانەكەیان، دوای پشكنین دەركەوت بە چەقۆ و گوللە لێیدراوە، چەند برینێكی قورسی چەقۆ بەسەر جەستەیەوە بوو، هەروەها شوێنی فیشەكێك هەبووە كە بەر لای چەپی سەری كەوتووە. بەگوێرەی پشكنینەكان گوللەكە لە نزیكەوە لێیدراوە.

هەر دوای رووداوەكە، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی كردەوە. رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت حەسەن لە نێو ئۆتۆمبێلەكەیدا كوژراوە. شوێنی چەقۆ و فیشەك بەسەر جەستەیەوە دیار بووە، تۆمەتبارەكەش كە بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە، دوای رووداوەكە رایكردووە، بەڵام تا ئێستا بۆ پۆلیس روون نەبووەتەوە حەسەن لەسەر چی كوژراوە.

بە گوێرەی قسەی كەسوكارەكەی، حەسەن پێشتر لەگەڵ ناسیاوێكی خۆیان بەناوی (س) لەسەر شەڕە سەگ كێشە كەوتووەتە نێوانیان، دواتر ئاشتیان كردوونەتەوە. بەڵام دیسان لەسەر كۆمێنت نووسین لە فەیسبووك كێشەی نێوانیان سەری هەڵداوەتەوە.

حەسەن خاوەنی حەوت برا بوو، لە دوو ساڵی رابردوودا برایەكی بە رووداوی هاتوچۆ و برایەكی بە نەخۆشی مردوون. حەسەنیش ئەمساڵ لەسەر كۆمێنتێكی فەیسبووك كوژرا.

ئیدریس كە برای حەسەنە، زۆر پەسنی براكەی دەدات و دەڵێت كەسێكی بێ‌ كێشە بووە و لەسەر شتێكی هێندە سادە كوژراوە كە بەلای ئیدریسەوە شایەنی باسكردنیش نییە.

ئیدریس گوتی: "ئەو شەوە كە چووەتە دەرەوە، هەر لە گەڕەكەكەی خۆمان ماتۆرسكیلێك و ئۆتۆمبێلێك هاتوونەتە سەر رێگەی. بە تەور و چەقۆ لێیانداوە و برینداریان كردووە، پاشان تەقەیان لێكردووە و كوشتوویانە".

ئیدریس كاتێك هەواڵی برینداربوونی براكەی پێدراوە، بە پەلە چووەتە خەستەخانە، بەڵام دەڵێت كاتێك حەسەن گەیەنرایە نەخۆشخانە گیانی دەرچووبوو، پۆلیس و كەسوكاری حەسەن فریای ئەوە نەكەوتبوون قسەی لەگەڵ بكەن و بزانن كێ‌ لێیداوە و لەسەر چی لێیانداوە؟ ئیدریس دەڵێت: "ئەوانەی لە حەسەنیان داوە، پێدەچێ‌ لە دوو كەس زیاتر بووبن. بەڵام یەكێكیان بكوژی سەرەكییە و تاوانەكەی بە هاوكاریی خەڵكی دیكە كردووە".

بە گوتەی ئیدریس، بكوژەكە ناسیاوی خۆیانە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی ئەوەی لەگەڵ بنەماڵەی بكوژەكە تووشی كێشە ببن، ئەوان تەنانەت بەشدارییان لە پرسەی حەسەنیشدا كردووە. ئیدریس دەڵێت "ئەوانیش وەكو ئێمە زۆر بەو تاوانە تێكچوون و وەكو ئێمە دەڵێن با كێشەكە بە یاسا چارەسەر بكرێ‌، بۆیە ئێمە هیچ كێشەمان لەگەڵ كەسوكاری كوژراوەكە نییە".

سەبارەت بە هۆكاری كوژرانی براكەی، ئیدریس دەڵێت: "براكەم وەك زۆر لە هاوڕێكانی زۆر حەزی لە شەڕە سەگ بوو (شەڕە سەگ لە پشدەر باوە) دیارە دوو هەفتە پێشتر لەگەڵ (س) دەمەقاڵەیان لەسەر ئەوە بووە. خەڵكیش بكوژەكەیان لە دژی ئەو هانداوە، دوای ئەوەی كێشە كەوتە نێوانیان ئاشتیان كردنەوە، بەڵام دواتر لەسەر ئەوەی لە فەیسبووك كۆمێنتیان بۆ یەكدی نووسیبوو، كێشەی نێوانیان سەری هەڵدایەوە".

(رووداو) قسەی لەگەڵ كەسە نزیكەكانی (س) كرد كە لە پرسەی حەسەن دانیشتبوون، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون هیچ قسەیەك لەسەر تاوانەكە بدەن.