بەهۆی تۆپبارانەكانی ئێران 10 گوند چۆڵكراون
رووداو - سیدەكان
بەبیانووی هەبوونی بنكە و بارەگای پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكرات، تۆپخانەكانی ئێران، رۆژی یەكشەممە 26-6-2016 بەچڕی دەڤەری سیدەكان و دەورووبەری حاجی ئۆمەرانیان لە باشووری كوردستان تۆپباران کرد و بەهۆیەوە پێنج هاونیشتمانی برینداربوون.
بەهۆی تۆپبارانەكانەوە تاوەكو ئێستا رووبەری زیاتر لە 400 دۆنم رەز و باخ و دارستان ئاگریان لێكەوتووەتەوە.
دانیشتووانی دەڤەری سیدەكان و دەورووبەری حاجی ئۆمەران دەڵێن، کاژێر 9ی بەیانی تۆپبارانی ئێران دەستیپێکردووە و بە خەستی بەردەوام بووە. ئەوان دەڵێن، بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بەر مەڕدار و جووتیارانی ناوچەکە کەتووە.