زیاتر لە 15 ساڵە ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان خوریی مەڕەکانیان فڕێدەدەن


رووداو دیجیتاڵ 

وەرزی بڕینەوەی مەڕە لە هەرێمی کوردستان، ئاژەڵداران لە مانگی ئایارەوە بەپێی کەشوهەوای ناوچە جیاوازەکان دەست دەکەن بە بڕینەوەی خوریی مەڕەکانیان. 
 
ئاوات ساڵح، یەکێک لە ئاژەڵدارەکانی قەرەداخە لە سلێمانی، بەهەرەوەز لەگەڵ خزم و دۆستانی خوریی مەڕەکانی دەبڕێتەوە، بەڵام سوودی لێنابینن و فڕێی دەدەن.
 
ئاوات دەڵێت، "لە باوک و باپیرانمانەوە هەر خەریکی ئاژەڵدارین، ئەم خورییەش هەموو ساڵێک دەبێت بیبڕین، مەڕەکان جوانتر دەبن و ئیسراحەت دەکەن. خورییەکەشی فڕێدەدەین."
 
بەپێی دوایین داتای دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان سێ ملیۆن و 196 هەزار مەڕ لە هەرێمی کوردستان هەن، بەپێی گەورە و بچووکی و جۆری مەڕەکە، لە نیو کیلۆوە تاوەکو چوار کیلۆ خورییان پێوەیە. واتە بەرهەمی ساڵانەی خوری لە هەرێمی کوردستان تاوەکو 12 ملیۆن و 800 هەزار تۆن دەڕوات لە باشترین دۆخدا. بەهۆی بێ کارگەیی و بێ پلانییەوە هیچ سوودی لێ وەرناگیرێت.
 
ئاژەڵدارەکان دەڵێن، تاوەکو ساڵی 2007یش خورییان دەفرۆشت.
 
کاروان ئەحمەد، ئاژەڵدارێکی دیکەیە و دەڵێت، "دایکم و نەنکم و ئەوانەی تەمەنیان هەبوو دەیانکردە سەرین و دۆشەک، بەڵام ئێستا هیچ کەسێک لێی ناپرسێت."
 
دیاری جەلالیش هەمان دەردی ئاژەڵدارانی دیکەی هەی، ئاماژە بەوە دەکات کە 10 ساڵیش دەبێت کەس خوری ناوێت، ئەویش شەش بۆ حەوت ساڵە ئاژەڵدارە، بۆیە تائێستا خوری نەفرۆشتووە.
 
زۆر گەڕاین تاوەکو بازرگانێکی کۆنی خوریمان دۆزییەوە، زیاتر لە 10 ساڵ ئەو کارەی کردووە، بەڵام بەهۆی بێ بازاڕییەوە ئێستا تەنیا کاری ئاژەڵداری و گۆشتفرۆشی دەکات.
 
محەممەد قادر، بازرگانی کۆنی خورییە، پێی گوتین، "خورییەکانمان دەبرد بۆ زاخۆ دواتر بۆ ئێران، بازرگان هەبوو لە بەغداوە دەیهێنا بۆ ئێرە و دواتر دەبرایەوە بۆ ئێران، واتە خوری ئیشێکی زۆر گرنگ بوو، کڕیاری زۆر بوو. خوری مەڕی کوردیش زۆر باشبوو بۆ کارگەش زۆر باشبوو."
 
تێچووی بڕینەوەی خوری هەر مەڕێک نزیکەی 1500 دینارە، هەندێک کاتیش بەهەرەوەز و بێ بەرامبەر دەکرێت.
 
یەکێک لە هەنگاوەکانی رێکخستنی کەرتی ئاژەڵداری لە هەر وڵاتێک بە پیشەسازیکردنیەتی، بۆیە ئاژەڵدارانی هەرێمی کوردستان داواکارن چی دیکە ئەو خورییەی ساڵانە لە مەڕەکانی دەبڕنەوە، بەفیڕۆنەچێت و وەک سامانێکی نیشتمانی سەیربکرێت.