تاوەکو ئێستا چارەنووسی مامۆستا ئایینییەکەی بەردەڕەش نادیارە

26-05-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
مەلا ئەحمەد خارووکی
مەلا ئەحمەد خارووکی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مامۆستایەکی ئایینی لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە ئێوارەی 24ی ئەم مانگەوە بێسەروشوێنە و کەسوکارەکەی گومانی خنکانی دەکەن، چونکە چووپ و کاتژمێرەکەیان لە کەنار زێی گەورە دۆزیوەتەوە.
 
ئەو مامۆستا ئایینییە ناوی مەلا ئەحمەد خارووکییە، پێشتر گوتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی گوندی خارووک بووە لە ناحیەی دارەتوو لە سنووری قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک و ئێستا خانەنشینە.
 
لەشکر نەجمەدین دراوسێی مامۆستاکەیە و یەکێکە لەو کەسانەی لە سۆراخی ئەو هاونیشتمانییە دەگەڕێت، ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی ئایار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆش لە بەیانییەوە لەنێو ئاودا بەدوایدا دەگەڕێین، بەڵام هیچ چارەنووسی نازانین."
 
ئەو مامۆستا ئایینییە تەمەنی لە نزیک 70 ساڵدایە، بە چووپێک چووبووە نێو ئاوی زێی گەورە لە سنووری گوندەکەیان بۆ ماسیگرتن، بەڵام دواتر چووپەکەی دۆزرایەوە و پاشانیش جلوبەرگ و کاتژمێرەکەی دۆزرایەوە.
 
لەشکر نەجمەدین گوتیشی، لایەنی پەیوەندیدار هاوکاریانن و لە رێگەی تیمەکانی ژێر ئاوەوە ئەوانیش بۆ مامۆستا ئایینییەکە دەگەڕێن.
 
ساڵانە لە دەستپێکی وەرزی گەرمادا خنکان لە باشووری کوردستان زیاتر دەبێت. رۆژی هەینی لە دوو رووداوی جیادا لە دهۆک و کەرکووک دوو کەس خنکان؛ 21ـی ئایاریش گەنجێک لە قەزای دەربەندیخان خنکا و رۆژی دواتر تەرمەکەی دۆزرایەوە.
 
بەگوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم ساڵ تاوەکو 21ـی ئایار، زیاتر لە هەزار و 292 رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خنکان و هەڵدێران روویانداوە و بەهۆیانەوە 61 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە