حکومەتی هەرێمی کوردستان: گۆڕانکارییەکانی نێو پڕۆژەیاسای بودجە نادەستوورین و قبووڵی ناکەین

26-05-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستکاریکردن و گۆڕانکاری لە ماددەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن چەند ئەندامێکی لیژنەکەوە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبووڵ ناکەین."
 
دوێنێ پێنجشەممە، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ماددەکانى 13 و 14ـى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی بە گۆڕانکارییەوە پەسندکرد کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان و چەند ئەندامێکى کوردى لیژنەکەش کۆبووەنەوەکەیان جێهێشت. گۆڕانکارییەکان لەو دوو ماددەیە ئەوانە بوون کە ئەندامە شیعەکانى لیژنەکە پێشکێشیان کردبوو.
 
ئەمڕۆ هەینی، 26-05-2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، جگە لەو رێککەوتنەی کە لەگەڵ حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی کراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی هیچ بڕیارێکی دیکە نابێت.
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیوایە ئەو گۆڕانکارییانە "لە لایەن چەند ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان کراوە" و دەشڵێت، بڕیارەکان "نادەستوورین و دژی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵییە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێککەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەنگیان لە سەر دراوە."
 
دانەوەى پاشەکەوتى مووچە، رێگرى لە دەرهێنانى نەوتى کەرکووک و نەینەوا، دەرفەتدان بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى پشکەکانیان لە بەغدا، دیارترین ئەو گۆڕانکارییانەن کە لە ماددەکانى تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان کراون لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى عێراقدا، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنى نەوتەکەى بە کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی و بەڕێوەبردنى دەروازە سنوورییەکان بە هاوبەشی.
 
لە خاڵى یەکەمى بڕگەى دووەمی ماددەی 13، ناوى کۆمپانیاى بە بازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) زیادکراوە، لە برى حکومەتى هەرێمى کوردستان وەک لایەنى بەرپرس لە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان، کە لە داڕشتەى پێشوودا هەبوو، ئەوە جگە لەوەى دەسەڵاتى بە کۆمپانیاکە داوە بە بەکارھێنانى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ پێداویستیى نێوخۆ لەلایەن ئەو پاڵاوگانەى کە وەزارەتى نەوت گرێبەستى لەگەڵدا کردوون.
 
هەروەها لە خاڵى سێیەمى بڕگەى دووەمى ماددەکەدا دەستەواژەیەکى دیکە زیاد کراوە کە ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان بەستراوەتەوە بە پەیوەستبوونى دوو خاڵى یەکەم و دووەمى بڕگەى دووەمى مادەى 13.
 
گۆڕانکارییەکى دیکە کە کراوە، ماوەى دانەوەى قەرزەکانى بانکى بازرگانیى عێراق و بانکە نێوخۆییەکانى دیکەیە لەسەر هەرێمى کوردستان، کە لە حەوت ساڵەوە کەمکراوەتەوە بۆ پێنج ساڵ، ئەو قەرزە لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت.
 
لە بڕگەى یەکەمى ماددەی 14دا ئەوە زیاد کراوە کە هەژمارى بانکی داهاتى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بانکى ناوەندى دەبێت و لە برى سەرۆکوەزیرانى عێراق، وەزیرى دارایی حکومەتى عێراقى دەسەڵاتى پێدراوە بۆ ئەوەى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان سەرپشک بکات بە خەرجکردنى پارەکە، لەکاتێکدا پێشتر ئەو دەسەڵاتە لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراقەوە دەدرایە سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
 
لە بڕگەى دووەمى ماددەکەدا ئەرکى وردبینیکردنى لە هەژمارى بانکى داهاتی نەوتى هەرێمى کوردستان بە دیوانى چاودێریى دارایی و وەزارەتى نەوتى عێراق بە هاوئاهەنگى لەگەڵ دیوانى چاودێریى دارایی و وەزارەتى سامانە سرووشتییەکانى هەرێمى کوردستان سپێردراوە، ئەگەر بەو شێوەیە ئەو کارە نەکرا پاشان پەنا بۆ کۆمپانیایەکى تایبەتمەندى نێودەڵەتى ببەن لەکاتێکدا داڕشتەى پێشووى مادفەکە راستەوخۆ کۆمپانیا بیانییەکەى بۆ وردبینی سەرپشک کردبوو.
 
لە بڕگەى چوارەمى ماددەکەدا دەستەواژەى وردبینیی خشتەى زانیاریى مانگانە زیادکراوە بۆ هەژمارە بانکییەکە لەکاتێکدا کە لە داڕشتەى پێشووى خشتەى زانیاریى ساڵانە و نیو ساڵى تێدا بوو.
 
بڕگەیەک بۆ پڕۆژەیاساکە زیاد کراوە کە پێشتر لە پڕۆژەیاساکەدا نەبووە، کە حکومەتى هەرێمى کوردستان پەیوەست بکرێت بەوەى ژمارەى فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و پلە وەزیفییە پڕکراوە و بەتاڵەکانیان رادەستى وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدراڵى بکات.
 
لە بڕگەى هەشتەمدا ئەوە زیاد کراوە کە ئەگەر ناکۆکى کەوتە نێوانیان لەبارەى پابەندبوونەکانیان، دەبێت لە ماوەى 15 رۆژدا کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئەگەرنا ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان رادەگیرێت و کار بە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى دەکرێت لەکاتێکدا لە داڕشتەى پێشوو ئاماژە بەوەدراوە کە ئەگەر ناکۆکى روویدا لیژنەیەکى هاوبەشی نێوانیان لە ماوەى 30 رۆژدا راپۆرتێک لەبارەوە بداتە سەرۆکوەزیران ئەو بڕیارى لەبارەیەوە بدات.
 
بڕگەیەکى دیکە لە ماددەى 14 زیاد کراوە بەوەى دەبێت حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشینەى کارەکانى بۆ خەرجکردنى پشکەکەى بۆ مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان بێت و دادپەوەروەرانە شایستەى دارایی پارێزگاکانى دابەش بکات، بە پێچەوانەوە ئەو پارێزگایەى هەرێمى کوردستان کە ناقایلە لە پشکەکەى و تانەى لێدەگرێت، پارەکەى لە پشکى هەرێمى کوردستان دەبڕدرێت و بەشێوەیەکى راستەوخۆ دەدرێتە پارێزگاکە.
 
هەروەها بڕگەیەکى دیکە بۆ ماددەى 14 زیاد کراوە بەوەى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى ناچار دەکرێن بە پابەندبوون بە رێگرى لە دەرهێنانى نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و نەینەوا لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە.
 
یەکێکى دیکە لە بڕگە زیادکراوەکان ئەوەیە کە هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى بە هاوبەشی دەروازە سنوورییەکان بەڕێوەببەن.
 
دوایین بڕگە کە بۆ ماددەى 14 زیاد کراوە ئەوەیە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەبێت پەیوەست بێت بەوەى مانگانە 10%ـى مووچەى پاشەکەوتکراوی فەرمانبەران بداتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.