جەمال کۆچەر: بەشێک لەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجە کراون لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بەشێک لەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ی بودجەی عێراقدا کراون، لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بچووککردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

رۆژی هەینی، 26-05-2023، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سیما ئابخزر پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "زۆربەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجەدا کراون لە بەرژەوەندیی کورد دا نین؛ رەشنووسی ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن حکومەتەوە نووسراوە و ئەو خاڵانەی پەیوەستن بە پشکی هەرێمی کوردستانەوە بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بوون".
 
رۆژی 25ى ئایارى 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بێ ئامادەبوونى ئەندامانى فراکسیۆنى پارتى دیموکراتى کوردستان دەنگی لەسەر چەند پێشنیازێک دا بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکارى و زیادکردنى چەند بڕگە و خاڵێک بۆ هەردوو ماددەى 13 و 14ى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى کە تایبەتن بە پشکى هەرێمى کوردستان.
 
جەمال کۆچەر دەڵێت، "ئەو رێککەوتنەی لەسەر بودجە کراوە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک رێککەوتنی دیکەدایە کە هەولێر و بەغدا واژۆیان کردووە؛ پێشێلکردنی رێککەوتنەکانی دیکەش دەکەونە مەترسییەوە کە هەندێک لەوان بۆ ئێمە یەکجار گرنگن؛ بۆ نموونە ماددەی 140 و گەڕاندنەوەی زەویی جووتیارانی کورد".
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەشداریی کۆبوونەوەکەی 25ی ئایاری کردووە و وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، "بایکۆتی دەستکاریکردنی ماددەکانی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجەم کرد، لەبەر ئەوەی لە بنەڕەتەوە تێبینیمان لەسەر هەردوو ماددەکە هەیە و پێمان وایە بەشێکی لێدانە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەشێکی دیکەی بۆ بچوککردنەوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
 
لە بڕگەی "ج" لە ماددەی 13 ئاماژە بەوە دراوە، ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو خاڵانەی سەرەوە جێبەجێ نەکات، حکومەتی عێراق نابێ یەک دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات و لە خاڵی پێشتردا باس لە فرۆشتنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات لە رێگەی سۆمۆوە. جەمال کۆچەر دەڵێت، "لە بڕگەکەدا باس لەوە کراوە ئەگەر نەوتەکە لە رێگەی بۆری نەڕۆیشت، دەبێت بە تانکەر بەڕێ بکرێت و ئەگەر تانکەرەکانی سۆمۆش ئەو نەوتە نەبەن، ئەگەر هەیە لە داهاتوودا بیکەن بە بیانوویەک بۆ ئەوەی بەشە بودجەی هەرێم نەنێردرێت".
 
بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، "لە ماددەی 14 چەندین خاڵ هەیە کە لێدانە لە قەوارە و بچوککردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان؛ لە بڕگەی یەکەمی ئەو ماددەیە ئاماژە بەوە دراوە کە تاوەکو وەزیری دارایی عێراق رازی نەبێت، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ناتوانێت پارەی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، لەکاتێکدا لە رێککەوتننامەکەدا هاتووە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت بڕیار بدات کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پشکی هەرێمی کوردستان خەرج بکات".
 
وەکو جەمال کۆچەر ئاماژەی پێدەدات، "لە ماددەی هەشتدا ئاماژە بەوە کراوە کە بەغدا دەسەڵاتی ئەوەی هەیە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکات و ئەوەش بە واتای بچوککردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و رەنگە سبەی پارێزگایەک داوا لە بەغدا بکات و بڵێ بەشە بودجەی من بە تەواوەتی نادرێت، با راستەوخۆ بودجەم لە عێراقەوە پێ بدرێت".
 
یەک لەو خاڵانەی لە ماددەی 13ی بودجەی عێراقدا زیادکراوە، پرسی بەهاوبەشی بەڕێوەبردنی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانە و جەمال کۆچەر ئەو میکانیزمە بە دروست نازانێت و پێیوایە "لەگەڵ ئەوەداین کە هەر دینارێک لە هەرێمی کوردستان هەبێت بەغدا چاودێری بکات، بەڵام بە هاوبەشی بەڕێوەبردنی ئەو دەروازە سنوورییانە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بە سیاسی بکرێت و بە هەڵە بەکاربهێنرێت".
 
ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چوار کەسن کە دووانیان پارتی و یەکێکیان یەکێتی و ئەوی دیکەیان یەکگرتووە. جەمال کۆچەر دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەی 25ی ئایار دوو ئەندامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەکە بەشدارییان نەکرد و "منیش لەکاتی دەنگدان بە ماددەکان بایکۆتم کرد و تەنیا دەنگم بەو ماددەیە دا کە پەیوەستبوو بە پاشەکەوتی مووچەخۆران".
 
بە گوتەی جەمال کۆچەر، ئێستا هیچ کۆدەنگی و گفتوگۆیەک لەنێوان فراکسیۆنە کوردەکانی پەرلەمانی عێراق نەماوە و دەشڵێت، "تاوەکو ئێستا بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی دارایی کۆنەبوونەتەوە".