رووداو دیجیتاڵ
جووتیارێکی نموونەیی لە دەشتی شارەزوور دەڵێت، ئەمساڵ 50 دۆنم زەوی بە گەنم داچاندووە و وەرزی پڕ باران بەرهەمێکی باشی پێداون، بەڵام گرفتیان ئەوەیە کە حکومەتی عێراقی بەرهەمەکانیان وەردەگرێت، بۆیە ناچارە بەشێک لە بەرهەمەکەی لە بازاڕدا بە نرخێکی کەمتر بفرۆشێتەوە.
عەبدوڵڵا محەممەد، جووتیار بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوە ماڵوێرانییە بۆ جووتیاران کە لە یەک دۆنم 100 بۆ 150 کیلۆ گەنم وەردەگرن، ئەی جووتیار چی بکات؟ ئەمساڵ یەک و 20 یان 30 دەبڕێت، ئەمە دەبێت بازرگانێک بێت بیکڕێت بە نرخێکی
کەم."
دوو ساڵی رابردوو کەمبارانی زیانی گەورەی لە هەردوو دەشتی هەولێر و گەرمیان دا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە دۆخی گەنم لەو دوو ناوچەیە باشە و چاوەڕێ دەکرێت بەرهەمی گەنم زۆر زیاتر بێت لە پار.
حەمید ئیسماعیل، جووتیارە لە دەشتی گەرمیان و باس لەوە دەکات "مەعقووڵ نییە لە 200 تۆن گەنم تەنیا 50 تۆن وەربگیرێت، ئەی من چی بکەم بە 500 دیناری بدەم زیان دەکەم."
لە ئەمڕۆ شەممەوە 28ـی ئایار، لە هەشت سایلۆی هەرێمی کوردستان گەنمی جووتیاران وەردەگیرێت و لە بەرامبەر هەر کیلۆگرامێک گەنم، 850 دینار دەدرێت بە جووتیاران.
کامەران وریا، بەڕێوەبەری سایلۆی سلێمانی باسی لەوە کرد، "لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین تەنیا 160 هەزار تۆن گەنم وەردەگیرێت و لە سلێمانی بە نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم داچێندراوە."
کاروان رەئووف، بەڕێوەبەری سایلۆی گەرمیان باسی لەوە کرد، "ئێمە ناتوانین گەنم بکەینە ناو سایلۆکانەوە، بەڵکو دەبێت بیکەینە پەنکەرەکانەوە لەبەرئەوەی کارمەند و فەرمانبەرمان نییە بۆ ئەوەی کاربکەن لە سایلۆکان."
بەپێی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی گەنم بەم جۆرەیە: کۆی گشتی یەک ملیۆن و 842 هەزار تۆن، لە سلێمانی زیاتر لە یەک ملیۆن، هەولێر 450 هەزار تۆن و لە دهۆک چاوەڕێ دەکرێت 382 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بهێندرێت، بەڵام لەو رێژەیە حکومەتی عێراق تەنیا 375 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت کە رێژەکەی دەکاتە یەک لەسەر پێنجی بەرهەمی ئەمساڵی جووتیاران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ