شەممە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سبەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستیپێبکات. دەشڵێت، ئەگەر زیاتر لە پشكی دیاریکراو بۆ وەرگرتنی گەنمی هەرێمی کوردستان کە 375 هەزار تۆنە بەرهەم هەبێت، لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم بڕیارێکی نوێ دەدات.
 
رۆژی هەینی، 26ـی ئایاری 2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سبەی سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنم لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە و پڕۆسەی وەرگرتنەکە دەستپێدەکات".
 
ساڵی رابردوو زیاتر لە 306 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەرگیرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمساڵ باران لە تەواوی ناوچەکە زیاتر بووە لە بارانبارینی رابردوو، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنم زۆر زیاتر بێت، بەڵام حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرگرتنی گەنم بە 375 هەزار تۆن دیاریکردووە و لەو بڕە زیاتر وەرناگرێت کە بۆ هەر تۆنێک 850 هەزار دینارە.
 
لەبارەی ئەو بڕەی بۆ گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و بەشێک لە جووتیاران بە کەمی دەزانن، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان گوتی: "بۆ هەرێمی کوردستان 375 هەزار تۆن گەنم دیاریکراوە وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر بەرهەم لەوە زیاتر بوو، ئەو کاتە لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم بڕیار دەدات بۆ وەرگرتنی بڕێکی زیاتر گەنم."
 
بڕیارە ئەمساڵ چەند رۆژێک دوای رادەستکردنی گەنمی جووتیاران پارەی گەنمەکەیان پێبدرێت؛ نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، بۆ پارەی گەنم حکومەتی عێراق 40 ملیار دیناری خستووەتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی.
 
دوێنێ پێنجشەممە، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 375 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. گوتیشی: "چاوەڕێمان دەکرد حکومەتی فیدراڵی، وەکو ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە دەکرێت بڵێم هەموو ساڵێک ستەمێک لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە بۆ وەرگرتنی گەنم بڕمان بۆ دیاری دەکەن.''
 
بڕیار بوو دوێنێ وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ بکردایە، بەڵام وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کێشەی تەکنیکی و نەگەیشتنی "سیدی" ناو و زانیاری لەبارەی جووتیارانەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیار دراوە رۆژی شەممە لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگرتنی گەنم دەستپێبکات.
 
ساڵی رابردوو لە پارێزگای هەولێر 117 هەزار و 773 تۆن، لە سلێمانی 136 هەزار و 500 تۆن گەنم و لە دهۆک 52 هەزار و 195 تۆن و 100 کیلۆ گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.
 
ساڵی 2021 وەرگرتنی گەنم کەمتر بوو لە ساڵی 2022، بەجۆرێک لەو ساڵەدا لە پارێزگای هەولێر 46 هەزار تۆن، لە سلێمانی 72 هەزار تۆن و لە دهۆک تەنیا حەوت هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەرگیرا.