کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: نزیکەی هەزار خێزانی ئاوارە لە سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان

26-05-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا نزیکەی هەزار خێزان لە پارێزگای سلێمانییەوە گەڕاونەتەوە پارێزگاکانی خۆیان.
 
رۆژی هەینی، 26-5-2023، عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆجبەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە دوو هەفتەی رابردوودا 989 خێزان کە لەماوەکانی رابردوودا و بەهۆی شەڕی داعش و رووداوەکانی دیکەوە ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بوون، ئارەزوومەندانە گەڕانەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان کە بریتین لە پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، ئەنبار، دیالە و سەڵاحەدین."
 
عەلی عەباس جەهانگیر دەڵێت، "ژمارەی ئەندامانی ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە 4 هەزار و 248 کەس بووە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق باسی لەوەشکرد کە ئەوان دەیانەوێت سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنێنەوە ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی بەپێی کارنامەی حکومەت بتوانرێت سەرجەم کامپەکان دابخرێن.
 
هەروەها باسی لەوەکرد کە بەپێی داتاکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ژمارەیەکی دیکەی خێزان ئارەزووی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەکەن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتە خۆجێییەکانی پارێزگاکان ئەو کارە ئاسان دەکەن.
 
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، لە هەرێمی کوردستاندا 931 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن؛ 665 هەزار کەسیان ئاوارەی عێراقین؛ ئەوانی دیکەش پەنابەرن. زۆربەی کامپەکانی ئاوارەکان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک.
 
ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان لە 36 کەمپ نیشتەجێ کراون؛ حکومەتی عێراق پلانی داناوە 25 لەو کەمپانە دابخات و ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە