لە سنووری بامەڕنێ لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە هێرشێکدا لە سنووری ئامێدی دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسیش برینداربوون.
دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی سنووری ئامێدییەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوو کەس بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی پەکەکەوە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسی دیکەش برینداربوون؛ دەشڵێت، هێرشەکە کراوەتە سەر گوندی ئەرەدنای سەر بە ناحیەی بامەڕنێ.
پێش راگەیێندراوەکەی دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان، برقی عومەر، موختاری گوندی زێوە لە سنووری قەزای ئامێدی سەر بە پارێزگای دهۆک لەبارەی هێرشەکەوە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، هێرشەکە بۆردوومان بووە و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکیش بریندار بووە.
گەنجێک کە وەکو شایەتحاڵی رووداوەکە لە گرتە ڤیدیۆیەکدا قسە دەکات، باڵی پیشان دەدات و دەڵێت: "یاری بالەمان دەکرد و دەنگێک هات؛ ئەمەی لەسەر دەستمە خوێنی ئەو دوو منداڵەیە کە کوژراون؛ ئێمە لە گەشت بووین، هەرکەسە و کەلوپەلەکانی جێهێشت؛ هێشتا ئۆتۆمبێلیش لەوێ ماوە و کەس بە هانامانەوە نەهاتووە."
میران عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ناحیەی بامەڕنێ لەو گرتە ڤیدیۆیەدا قسە دەکات و دەڵێت: "ئەوانە خەڵکی شێلادزێن هاتوونەتە گەشت و سەیران؛ ئەم شوێنە نزیکی بۆمانە. خەڵکی ئەم سنوورە هەر دەچنە گەشت و سەیران؛ ئەمڕۆ هاتوونەتە ئێرە بۆ گەشت؛ تۆپێک بەناویان کەوت و تاوەکو ئێستا وەکو ئاشکرا بووە، دوو شەهید و بریندارێکیش هەیە."
برقی عومەر، موختاری گوندی زێوەش لەو گرتە ڤیدیۆیەدا قسەی کردووە و دەڵێت: "ساڵی جارێک ئەو گەشتە دەکەین؛ دهۆک و تەناهی و شێلادزێ و دێرەلووک هەموو کۆدەبنەوە. لێرە لەسەر رەزامەندی خەڵکی و مۆڵەتمان لە خاوەن زەوییەکەش وەرگرتووە، گوندەکانی ئێمە دەڤەری نێروە و رێکان لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی تورکیا و پەکەکەدان، شەڕ و بۆردوومان لەو ناوچەیە بەردەوامە".
ئەو موختارە هەروەها دەڵێت: "وەکو ئێمە زانیاریمان دەستکەوتووە، گوتیان پەکەکە سێ تۆپی ئاراستەی بنکەی تورکیا کردووە. تورکیاش تۆپی ئاراستەی نێو خەڵک کردووە و لەنێو خێزانەکانی ئێمەی داوە و دوو کەس کوژراون و تەمەنیان 10 ساڵە و یەکێکیش بریندارە. ئۆتۆمبێلیش لەوێ ماون، ئەنجامی دوایی نازانین کە بریندارەکان چەندن بەڕاستی، چونکە خەڵکێکی زۆر لێرە بوون، کیلۆمەترێک لە بنکەکانی تورکیاوە دوور نەبووین."
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەو دوو کەسەی کە گیانیان لەدەستداوە، یوسف -ی تەمەن 14 ساڵ و ئەڤەند هشیارن کە بەپێی گوتەی موختاری گوندی زێوە، ئاڤەندیش تەمەنی لەنێوان 10 بۆ 12 ساڵە.