رێباز حەملان: دڵنیایی دەدەمە خەڵکی کوردستان دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت
رووداو دیجیتاڵ
رێباز حەملان هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، "دابەشنەکردنی مووچە بابەتێکی تەکنیکییە، بۆیە کاتێک کێشەیەک دروستدەبێت دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە بۆ چەند رۆژێک". هەروەها لەبارەی ناردنی بودجە لە عێراقەوە دەڵێت، "پێموایە لە مانگی شەش یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردن".
رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نیوڕۆژ کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەبارەی دواکەوتنی مووچە رایگەیاند، "دواکەوتنی مووچە چەند هۆکارێکی هەیە، یەکەمیان: هاتنەوەی داهاتی نەوت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان چەند کێشەیەکی تێکەوتبوو، بۆ نموونە لە دەرەوەی عێراق لە رۆژی دووشەممەوە دەوام دەستپێدەکات و ئەوەش هەندێکجار ناردنی پارە دوادەخات، هەروەها گۆڕینی دۆلار بۆ دیناریش کاتی دەوێت".
لەبارەی هۆکارەکانی دیکەی دواکەوتنی مووچە رێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد، "سیولەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان کەم بوو، دڵنیایی دەدەمە خەڵکی هەرێمی کوردستان دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت و 30 رۆژ جارێک مووچە دەدرێت، لە دوێنێوە سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران هاتوونەتە سەر هێڵ و ئەو کێشانەیان چارەسەرکردووە".
هەروەها دوێنێ پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زانیاری هەیە کێشەی نەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ وەزارەتی دارایی چارەسەر دەکرێت".
لەبارەی لیستی مووچەی ئەم مانگە رێباز حەملان دەڵێت، "وەزارەتی دارایی و ئابووری لیستی مووچە رادەگەیێنێت".
دوێنێ لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوە خرایەڕوو کە هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە کەمبوونەوە و "نەناردنی داهاتی پارێزگای سلێمانییە"، رێباز حەملان لەو بارەوە دەڵێت، "سلێمانی پێویست بوو 82 ملیار دینار دابینبکات بۆ مووچە، بەڵام 55 ملیار دیناری دابینکردووە، پەیوەندیم بە بانکی ناوەندی هەرێمی کوردستان بەشی سلێمانی کردووە و قوباد تاڵەبانیش لەسەر هێڵە، بە دڵنیاییەوە ئەو بابەتە چارەسەر دەبێت".
داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان مانگانە بە 186 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە کە 80 ملیۆن دۆلاری لە پارێزگای سلێمانییەوە دێت.
هەرێمی کوردستان مانگانە بەبێ لێبڕین پێویستی بە 895 ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بۆیە ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 10 تریلیۆن و 740 ملیار دینارە بۆ پێدانی مووچە.
بەپێی ماددەی 11ـی یاسای بودجەی ئەمساڵ، دەبێ هەرێمی کوردستان بەلانیکەم رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە کێڵگەکانی خۆی بەرهەمبهێنێت، دوای گلدانەوەی تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و بڕی پێویست بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لانیکەم رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ئەو نەوتە بە نرخی کۆمپانیای سۆمۆ رادەستی حکومەتی عێراق بکات، هاوکات دەبێ هەرێمی کوردستان 50%ـی داهاتی نانەوتی خۆی رادەستی بەغدا بکات، ئەوکات حکومەتی عێراق بەشە بودجەی بۆ دەنێرێت.