دوو برا بەهۆی تۆپبارانی تورکیا لە سنووری زاخۆ بریندار دەبن

رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا لە سنووری شارۆچکەی دەرکار لە قەزای زاخۆی پارێزگای دهۆک دوو شوان برینداربوون و برینی یەکێکیان سەختە.
شەڕەکە کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 26-05-2021 لەنێوان پەکەکە و تورکیا روویداوە.
عهلى مهحموود لە گوندی بهێرێ لە سنووری زاخۆ مەڕوماڵات بەخێودەکات، سەبارەت بە شەڕەکەی تورکیا و پەکەکە و زیانەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەوانەی برینداربوون دوو شوانن کار بۆ ئێمەن دەکەن و خهڵكى شنگالن"
شوانەکان ناویان (حهسهن موحسین) تەمەن 20 ساڵ و (عەلی موحسین) تەمەن (16) ساڵە و بران.
عەلی مەحموود دەڵێت، حەسەن بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بردراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک و لەوێ چارەسەر وەردەگرێت.
ئەو هاونیشتمانییە [عەلی مەحموود] لەگەڵ مامێکی نزیکەی 1000 سەر مەڕ و ماڵاتیان هەیە، چوار برای خەڵکی شنگال کاری بەخێوکردنی ئەو مەڕوماڵاتانە بۆ دەکەن. بەگوتەی عەلی مەحموود "لە کاتی شەڕەکە هەر چوار براکە لە نزیک یەکدییەوە خەوتبوون، بەڵام دووانیان بەهۆی ساچمەی تۆپەوە برینداربوون."
شەوی رابردوو گوندەکانی شلینێ، شیدنێ و سووریا سەر بە ناحیەی باتیفا لە زاخۆ لەلایەن سوپای تورکیاوە بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە بۆردوومانکران. هۆگر دێمکی، خەڵکی گوندی دێمکا بە رووداوی راگەیاند، "لەڕێگەی سێ هێلیکۆپتەرەوە سوپای تورکیا بۆردوومانی گەریلاکانی پەکەکەی دەستپێکرد، ماوەی 45 خولەکە شەڕ بەردەوامە".
هەروەها شەڕ و پێکدادانی ئێوارەی دوێنێی گەریلاکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لە گوندی شیدن نزیکەی پێنج کاژێری خایاند، عارف مهعروف، موختاری گوندی گڕێبیێ به تۆری میدیایی رووداو رایگهیاند، "دوای دوو هێرشی پهکهکه له گوندی شیدن بۆ سهر خاڵهکه کالگهۆرێ له گوندی گڕێبی، سوپای تورکیا له رێگهی سێ فرۆکهوه له کاژێر 2:30 تاوهکو 7:30 هێرشیکردە سەر گهریلاکانی پهکهکە".
لەلایەکی دیکەوە ماوەی چەند رۆژێکە خەڵکی گوندی ئۆرە لە کانی ماسێ گیریان خواردووە و ناتوانن لە ماڵەکانیان بچنە دەرەوە، یوسف ئیبراھیم، خەڵکی گوندی ئۆرەیە بە رووداوی راگەیاند، شەش ماڵ لە گوندەکە دەژین و دوو رۆژە بەھۆی چڕیی بۆردوومانەکانی تورکیا ناتوانن لە گوندەکە دەربچن.