د. رێواز فایەق: بە لۆژیک دەیسەلمێنم کە هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزار نییە

26-05-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-

رووداو - هەولێر

د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت دەتوانێت بە لۆژیک و دوور لە هەر راڤەکردنێکی سیاسی بیسەلمێنت، کە هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزار نییە: "بە مانای قەرزی پشتبەستوو بە یاسا".

د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەو بارەیەوە وتارێکی لە پەیجەکەی خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "ئاماژە یاساییەکان دەڵێن: سەرەتای قەرزکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، واتە تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەم، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە، چونکە لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم ژمارە (1) لە ساڵی 2013 کە دوایین یاسای بودجەیە لە پەرلەمان پەسەندکرابێت، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی پێنجەم کە تایبەت کراوە بە خەرجییەکان- ئەسڵ ئەوەیە ئەگەر هەرێم قەرزار بێت، دەبێت لەناو خەرجییەکان تەرخانکراوی بۆ دابنرێت- هیچ گوژمەیەک، چ بۆ دانەوەی ئەسڵی قەرز و چ بۆ دانەوەی سوودی قەرز، دانەنراوە".

بەپێی وتارەکەی سەرۆکی پەرلەمان ساڵی 2013 بودجەی هەرێمی کوردستان یەک ترلیۆن و 684 ملیار و 900 ملێۆن دینار دانراوە، بۆ داپۆشینی کورتهێنانەکەش بەهیچ جۆرێک باسی قەرزکردن نەکراوە.

د. رێواز فایەق ئاماژە بە یاسای راکێشانی مایە لە رێگەی قەرزکردن لەلایەن حکومەتەوە دەکات کە لە ساڵی 2015 دەرچووە. بە گوێرەی ماددەی دووەمی  یاساکە، لە هیچ بارێکدا نابێت سەرجەمی ئەو قەرزانەی حکومەتی هەرێم وەریدەگرێت لە پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت. بۆیە دەڵێت :کەواتە هەر بڕێک بەهەر بەهایەک لە دەرەوەی ئەم بڕە رێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی یاسایە و دەبێت پێش هەموو شت سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە."

شەوی 23-5-2020 مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی لەبارەی رەوشی ئابووری هەرێمی کوردستان پێشکەشکرد و لە گوتارەکەدا ئاشکرای کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 27 ملیار دۆلار قەرزدارە.

دەقی وتارەکەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان:

سەرباری خراپی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییان و خراپتر بوونی دۆخی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستا بە گشتی، حکومەتی هەرێم (27) ملیار دۆلار قەرزارە،مەبەستمە لێرەوە بە لۆژیک و دوور لە هەموو راڤەبۆکردنێکی سیاسی،بیسەلمێنم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان (27) ملیار دۆلار قەرزار  نییە بە مانای قەرزی پشتبەستوو بە یاسا.

1ـ ئاماژە یاساییەکان دەڵێن: سەرەتای قەرزکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014، واتە تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە چونکە لە یاسای بوودجەی گشتی هەرێم ژمارە(1) لە ساڵی 2013 کە دواین یاسای بودجەیە لە پەرلەمان پەسەندکرابێت، لە بڕگەی یەکەمی ماددەی پێنجەم کە تایبەت کراوە بە خەرجیەکان- ئەسڵ ئەوەیە ئەگەر هەرێم قەرزار بێت، دەبێت لەناو خەرجیەکان تەرخانکراوی بۆ دابنرێت- هیچ گوژمەیەک ،چ بۆ دانەوەی ئەسڵی قەرز و چ بۆ دانەوەی سوودی قەرز، دانەنراوە.

2ـ هەر لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم ژمارە (1)ی ساڵی 2013، کورتهێنانی نەخشە بۆ داڕێژراوی بودجە هەبووە و لە بڕگەی دووەمی ماددەی پێنجەم بڕی کوورتهێنانەکە بە یەک ترلێۆن و 684 ملیار و 900 ملێۆن دینار دانراوە، و بۆ داپۆشینی کوورتهێنانەکەش بەهیچ جۆرێک باسی قەرزکردن نەکراوە.

3ـ لە ساڵی (2014)ەوە حکومەتی هەرێم هیچ پرۆژە یاسایەکی بوودجەی گشتی نەناردووەتە پەرلەمان بۆیە هەر گوژمە پارەیەک بۆ هەر بوارێک ئاراستە کرابێت و بەهەر شێوەیەک داهاتی داپۆشەری ئەو خەرجیانە وەدەستهاتبن، لە روانگەی یاسا و بە پێوەری کاری پەرلەمانی، بنەمای یاسایی دروستیان نییە.

4ـ لە خولی چوارەمی پەرلەمان، لەوکاتەوەی کە بابەتی قەرز و پڕکردنەوەی کورتهێنانەکان لە رێگەی قەرز کردن بوو بە بابەتێکی گرنگ و هەستیار، ئەو کاتەی قەرزدەرەکان بەبێ بوونی یاسایەک، کە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت و دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرز بداتە ئەنجوومەنی وەزیران، ئامادەنەبوون قەرز بدەنە حکومەت؛ ئیتر پرۆژە یاسای راکێشانی مایە لە رێگەی قەرزکردن لەلایەن حکومەتەوە نێردرایە پەرلەمان و بە یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2015 پەسەندکرا.

5ـ بەپێی یاسای ژمارە (7)ی ساڵی 2015، یاسای راکێشانی مایە لەڕێگای قەرزکردن لە هەرێمی کوردستان ـ عێراق، ماددەی دووەمی، لە هیچ بارێکدا نابێت سەرجەمی ئەو قەرزانەی حکومەتی هەرێم وەریدەگرێت لە پێنج ملیار دۆلاری ئەمریکی زیاتر بێت، کەواتە هەر بڕێک بەهەر بەهایەک لەدەرەوەی ئەم بڕە رێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی یاسایە و دەبێت پێش هەمووشت سەرپێچیکاران رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

6ـ ئەگەر حکومەتی هەرێم لە ماوەی (5) ساڵ، بەدەر لەئاگاداری پەرلەمان، بەبێ جەدوەلەی قەرزەکان، بە لە تاریکیا مانەوەی قەرزدەرەکان، بڕی قەرزەکان، نرخی سوودی سەر قەرزەکان، ضەماناتی قەرزەکان، کاتی دیاریکراوی دانەوەیان، دەروازە و بواری خەرجکردنیان- سەرباری دەیانجار داواکردنی ئەو زانیاریانە لەلایەن لیژنەکانی پەرلەمان، پەرلەمانتاران و فراکسێۆنەکان- بڕی (27) ملیار دۆلاری تەنها بۆ بودجەی بەکاربردن و بەدیاریکراوی بۆ مووچە قەرز کردبێت، ئەوا لە روانگەی ئێمەوە و بە پێوەری کاری دەوڵەتداریی و سیستماتیک، بە جێبەجێکردنی سنوور و ئاستی دەستڕۆیی و صەلاحیەتەکانی وەرگرتنی قەرز، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە تەواوکارییەی کە دەبێت لە نێوان هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن هەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان یەک دۆلار قەرزار  نییە جگە لە مووچەی پاشەکەوتکراوی مووچەخۆران و شایستەی دارایی بەڵێندەران و سەرمایەداران کە زۆریان تەنانەت مایەپووچیش بوون،چونکە تەنانەت یەک لاپەڕەش سەبارەت بەم قەرزانە لە پەرلەمانی کوردستان و لیژنە تایبەتمەندەکان دیکۆمێنت نەکراوە و بوونی  نییە.

7ـ پەرلەمان دامەزراوەیەکی دەستوورییە و حکومەتیش هەروەها؛ پەیوەندی ئەم دوو دامەزراوەیەش یاسا رێکیخستووە. هەردوو دامەزراوەکەش دامەزراوەی نیشتیمانین و بەرپرسن لە خزمەتکردنی تەواوی کوردستانیان، و دەبێت پەیوەندیەکی تەواوکاریی لە نێوانیاندا هەبێت چونکە شکۆی هەریەکەیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پاراستنیان. پەرلەمان لە دۆڵێک  نییە و حکومەتیش لە دۆڵێک،ئێمە کاری یەکتر تەواو ئەکەین،بەڵام لەم دۆسیەیە لانیکەمی متمانە و زانیاری ئاڵوگۆڕکراو لە نێوانماندا  نییە، تەنیا رێگەش بۆ بەرقەراربوونی زەمینەی کاری هاوبەش، شەفافکردنی کۆی دۆسیەکەیە بە وردەکارییەکانییەوە،کە بێگومان دوای جەژن دەبێت هەمووان پێکەوە کاری لەسەر بکەین..

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە