رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بارهەڵگرێک لە رێگەی سلێمانی - دووکان بەهۆی نەمانی ئیستۆپەوە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و بە گوتەی بەڕێوەبەری بنکەی هاتووچۆی دووکان، خۆی بە 15 ئۆتۆمبێلدا کێشاوە و تاوەکو ئێستا 18 کەس بریندارن.
رائید کۆسرەت عەبدوڵڵا حەمە، لێپرسراوی بنکەی هاتووچۆی دووکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئۆتۆمبێلەکە لە سلێمانییەوە بەرەو دووکان رۆیشتووە. ئیستۆپی نەماوە و کۆنترۆڵی لەدەستداوە.
رائید کۆسرەت عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری بنکەی هاتووچۆی دووکان لە شوێنی رووداوەکە بە رووداوی راگەیاند: کاژێر 10:50 خولەکی ئەمڕۆ، بارهەڵگرەکە بە دووریی دوو کیلۆمەتر لە بازگەی هاتووچۆی دووکان لە ئاراستەی سلێمانی بۆ دووکان هاتووە."
لەدوای ئەوەی کۆنترۆڵی لەدەستداوە و ئیستۆپی نەماوە، "لەوێ لە دووریی دوو کیلۆمەتر لێرەوە، لە دوو ئۆتۆمبێلی داوە. دواتر لەنێو بازگەکە بەهۆی هاتنی گەشتیارانەوە قەرەباڵخیی هەبووە و لەوێ لە 13 ئۆتۆمبێلی دیکەی داوە."
بەڕێوەبەری بنکەی هاتووچۆی دووکان گوتیشی کە 18 بریندار گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی لە دووکان، "تەندروستییان باشە."
لەبارەی زیانە مادییەکانەوە، بەڕێوەبەری بنکەی هاتووچۆی دووکان دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی هەیە وایلێهاتووە، بە کەڵک چاکردنەوە نایەت. نزیکەی پێنج شەش ئۆتۆمبێل وێران بوونە."
رائید کۆسرەت عەبدوڵڵا لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە دەڵێت، رووداوی لەمشێوەیە زۆرن، "کۆمپرێسەرەکانیان بەهۆی ئەوەی کە هەوایە، ئاوی تێدەچێت. ئەم ئاوە لە هەندێ کاتدا وادەکات کە ئۆتۆمبێلەکە وەکو پێویست ئیستۆپ نەگرێ و رووداوی لەمشێوەیەی لێبکەوێتەوە."
تیمەکانی فریاگوزاری هەوڵدەدەن ئۆتۆمبێلەکان لە شەقامەکە ببەنە دەرەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ