رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، لە هێرشە درۆنییەکەی رۆژی هەینییدا بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر، چوار کارمەند گیانیان لەدەستداوە و دوو کارمەندی دیکەش برینداربوون.
کاژێر 23:00ی رۆژی هەینی 26ـی نیسانی 2024 رەمەک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بۆ میدیاکاران قسەی کرد و رایگەیاند، چوار کارمەند لە ئەنجامی هێرشەکەدا گیانیان لەدەستداوە و دوو کارمەندی دیکەش برینداربوون.
رەمک رەمەزان گوتی، ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون کارمەندی کۆمپانیای پێترۆ وێڵ بوون؛ باسی لەوەشکرد، هێرشەکە کاژێر 06:45ی ئێوارە بووە و بە درۆن هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادر کەرەم.
قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، کارمەندە بیانییەکان خەریکی نۆژەنکردنەوەی ئەو کۆگەیانە بوون کە لە ماوەی پێشوودا بەهۆی بۆردوومانەوە زیانیان بەرکەوتبوو.
لەبارەی دۆخی تەندروستی دوو بریندارەکەوە قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، برینەکانیان سووکە، لە نەخۆشخانە چارەسەر دەکرێن و مەترسی لەسەر گیانیان نییە و گوتیشی، "ئەمشەو، چوار تەرمەکە دەگوازرێنەوە بۆ دادپزیشکی سلێمانی".
لەبارەی ناسنامەی کارمەندە بیانییەکانی کۆمپانیای پێترۆ وێڵەوە کە لە هێرشەکەدا بوونە قوربانی، قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، هاووڵاتی یەمەنین کە کەسانی پسپۆڕ و شارەزان لە بواری وزە؛ باسی لەوەشکرد، تیمی وەزارەتی ناوخۆ، کارەبا و سامانە سرووشتییەکان چوونەتە کێڵگەی کۆرمۆر و لە نزیکەوە بەدواداچوون دەکەن و گوتیشی، سبەی وەزیری کارەبا کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانیشە سەردانی کێڵگەکە دەکات.
قایمقامی چەمچەماڵ داوایەکی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی کرد و رایگەیاند: "داوا دەکەین ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەم هێرشانە بەدوور بگرێت و پارێزگاری لە خاک و گیانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و کارمەندە بیانییەکانی کۆمپانیا و کێڵگەکە بکات کە تەنیا ئەمساڵ دوو جار هێرش کراوەتە سەریان".
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ