رووداو دیجیتاڵ
لەنێوان سەدان هەزار کتێب، محەممەد ئەزموونێکی نوێ تاقی دەکاتەوە، چووە بۆ پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر و یارمەتیی باوکی دەدات کە خاوەنی کتێبخانەیە. گفتوگۆ لەگەڵ کڕیاران دەکات و کتێبەکان رێک دەخات.
کاتێک کە پشوو وەردەگرێت، محەممەد چیرۆک دەخوێنێتەوە و وانەکانی ژیانیان لێوە فێردەبێت. هەروەها ئەو ئەزموون و وانانە بۆ خوێنەرەکان و هاوڕێکانی دەگوێزێتەوە.
لە 16یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر 300 هەزار ناونیشانی کتێب لەڕووی وێنە، دیزایین، بە مانا و نێوەڕۆکەوە نمایش کراون. منداڵە بچووکەکان بەدوای ئەو کتێبانەدا دەگەڕێن کە وێنەکانیان دڵڕفێنە، مێرمنداڵانیش بابەتی ناوازە و جێگەی سەرنج بۆ تەمەنی خۆیان هەڵدەبژێرن.
قسەم لەگەڵ لەیاد ئازاد و مەلەک رەنجدەر کرد کە دوو مێرمنداڵن لە پێشانگەکە، تێگەیشتم، ئەوان رۆمان، گەشەپێدانی خود و کتێبی مێژووییان هەڵبژاردووە. هەروەها ئەم نەوە نوێیە جگە لە زمانی کوردی، بە زمانی ئینگلیزیش دەخوێننەوە.
ئەم ساڵ لە پێشانگەکەدا نموونەی کتێبەکان بە 8 زمانی جیاواز نمایش کراون و 45 هەزار ناونیشانی نوێ خراونەتەڕوو. بەشێکیان بە زمانی ئینگلیزین و تایبەتن بە قوتابییان.
پێشانگەکە تاوەکو 27ـی مانگ بەردەوامە و رۆژانە لە 10ـی بەیانییەوە تاوەکو 20:00 کراوەیە.
لە کۆی 300 دەزگای چاپ و پەخشی کتێب نزیکەی 15 دەزگە تایبەت بە منداڵان تێیدا بەشدارن. ئەوەش وای کردووە منداڵان رۆژانە سەردانی پێشانگە بکەن و تا بتوانن بابەتەکانی دڵخوازی خۆیان بدۆزنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ