حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی زمان، کولتوور و زانستی زانکۆی تیشک بەڕێوەچوو

 
رووداو - هەولێر

حەوتەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی زمان، کولتوور و زانستی زانکۆی تیشک بەڕێوەچوو، کە پێکهاتبوو لە حەوت بەشی جیاواز لە چالاکیی هونەری، کاری دەستی، ئەسپسواری، خۆراک و یاری.
 
سوڵتان ئەبوعەرابی، سەرۆکی زانکۆی نێودەوڵەتیی تیشک دەڵێت، "هەر وەکو دەبینن، کوردستان تەنها شوێنی کوردەکان نییە، بەڵکو عەرەب و موسڵمان و کریستیان، خەڵکی جیاواز وەکو نەتەوەیەک هەموویان پێکەوە لێرە دەژین. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بیهێنینە ئەم فێستیڤاڵە، ئاشتی و ئاسایشە بۆ ئەم هەرێمە."
 
گرنگترین پەیامی ئەم فێستیڤاڵە پێکەوەژیانە. لەم فێستیڤاڵەدا جلوبەرگ و خواردنی 36 وڵاتی جیاواز نمایش کران.
 
خوێندکاران و مامۆستایان کولتووری ژاپۆن، هیندستان، سعودیە و چەندین وڵاتانی دیکەیان خستەڕوو.
 
دانیاڵ عەبدولڕەحمان، خوێندکار دەڵێت، هەر بەشێک لە زانکۆی تیشک کولتوورێکی تایبەت بە خۆی هەڵبژاردووە لەڕووی جلوبەرگ و خواردن و ئەو شتانەی پەیوەستن بە وڵاتێک، کولتووری وڵاتەکە پیشانی ئەو کەسانە دەدەن کە سەردانیان دەکەن، "ئێمەش ئەمڕۆ کولتووری وڵاتی کۆریامان هەڵبژاردووە و پیشانی خەڵکی دەدەین و پێیان ئاشنا دەکەین."
 
عەلی ئەترووشی، خوێندکار گوتی، "ئێمەش وەکو کۆمەڵە گەنجێکی گرووپی زمانپارێزانی کوردستان لە باشووری کوردستان، هەوڵمان داوە زمانی کوردی لە زانکۆی خۆمان بپارێزین."